ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌بێ یه‌كێتی هه‌مو ئه‌گه‌رێكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
  2019-02-17       2663       

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی هۆشداری دەدات کە ئەگەر سبەینێ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە بێ یەکێتیی بکرێت، ئەوا "هەمو ئەگەرێکی لێدەکەوێتەوە"، دەشڵێت؛ بژاردەی یەکەممان بەشدارییکردنە لە حکومەت بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە، بەڵام ئەگەر ئەمە نەهاتە ئاراوە، بژاردەی دوەم و سێیەمیشمان هەیە.

ئاوێنه‌:  فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، باسی لە هۆکاری ئیمزانه‌كردنی ڕێککەوتنەکەیانی کرد لە پارتی و وتی"ئێمە لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی هەمو ماددەکانی ڕێککەوتنەکەمان تاوتوێ کرد، گەیشتینە ئەو باوەڕەی کە ئەم ڕێککەوتنە کۆمەڵێک کەموکورتی تێدایە، دەبو ئێمە ڕێککەوتن لەسەر پرسی بەغدا و کەرکوک بکەین، کە ئەمە هێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە."

ئەسەسەرد پێیوایە، کە ئەگەر یەکێتی بەشداریش لە کابینەی نوێی حکومەت بکات، پرسەکانی کەرکوک و بە‌غدا دەبنەوە کێشە ئەگەر بێتو چارەسەر نەکرێن، "لەبەر ئەوە نامانەوێت بە کێشەوە بچینە ناو حکومەت."

دەربارەی پرسی یەکلاکردنەوەی پارێزگاری کەرکوکیش، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی وتی"ئێمە دەمانەوێت پرسی پارێزگاری کەرکوک پێکەوە چارەسەر بکەین، لەسەر پارێزگاریش پێشنیاری ئەوەمان داوەتە پارتی، کە سێ بۆ چوار ناو دەستنیشان بکەین و ئەوان یەکێک لەو ناوانە هەڵبژێرن، بەڵام ئەگەر ئەوان نەیانەوێت لەسەر ئەم پرسە هیچ جۆرە لێکنزیکبونەوەیەک هەبێت، ئەوا بەلای ئێمەوە هێڵی سورە و ناتوانین تێیپەڕێنین."

ئەسەسەرد جەختی كرده‌وه‌؛ ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا بەشداریی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان ناکەن، وتیشی"پابەند نابین بە بڕیاری کۆبونەوەیەک کە خۆمانی تێدا نەبین."

لەبارەی ئەوەی کە تاچەند مەترسیی دروستبونی دوئیدارەییتان لەبەرچاو گرتوە، لە ئەگەری ئەوەی کە لەگەڵ پارتی نەگەنە ڕێککەتن و بەشداریی لە دانیشتنی پەرلەمانیش نەکەن، فەرید ئەسەسەرد وتی"کۆبونەوە بەبێ یەکێتی هەمو ئەگەرێکی لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەمە دەرهێنانی یەکێتییە لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئێمە بەرپرس نین و ئەوانەی ئەم بڕیارە دەدەن، دەبێت بەرگەی ئەم بەرپرسارێتییە بگرن."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بژاردەکانی حزبەکەی لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیان لەگەڵ پارتی نه‌شارده‌وه‌و وتی"بژاردەی یەکەممان بەشداریکردنە لە حکومەت بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە، ئەوەش بە ڕێککەوتنی سیاسیی ئیمزاكراو لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەگەر ئەمە نەبێت، ئەوا بژاردەی دوەم و سێیەمیشمان هەیە."

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی، ئەسەسەرد ئەوەی خستەڕو"لە دوێنێوە پاش ڕاگەیاندنی بەیاننامەکەی سەرکردایەتیی، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگای نامە و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە، پەیوەندی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، بەڵام ئێمە وتومانە بە ڕێککەوتن نەبێت، بەشداری لە دانیشتنەکەی سبەینێ ناکەین."

فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی وت، کە ئەگەر یەکێتی بەشداری لە کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی هەرێم نەکات، ئەوا کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش ناکرێت و ئەو ڕێکەوتنەش کە کراوە لەنێوان یەکێتی و پارتی، هەڵدەوەشێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×