ئا: سالار جاف، سه‌رتیپ عوسمان
دڵسۆز عه‌بدوڵای دایكی رێژوان، هه‌رگیز ئه‌وه‌ی به‌بیردا نه‌ده‌هات كه ئه‌و رۆژه خۆره‌تاوه‌ی 17/2، شوومترین رۆژی ژیانی ئه‌و بێت، ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه، ئازیزترین كه‌سی له‌به‌رده‌م باره‌گای لقی چواردا به‌گوولله‌ی پاسه‌وانه‌كان پێكرا.
دڵسۆز كه ئێستا به‌ڕه‌شپۆشیی له‌خه‌مێكی قوڵدا ده‌ژی‌و زۆربه‌ی روخساری به‌نینۆك رنراوه، سیمای رێژوانی ته‌مه‌ن 16 ساڵی له‌به‌رچاو ون نابێت، ئه‌و، كوڕه گه‌وره‌و خه‌مڕه‌وێنی ماڵ بوو، "ئه‌و رۆژه پێش ئه‌وه‌ی بڕواته‌ده‌ر، زۆر دڵخۆش بوو، جلێكی جوانی له‌به‌ركردبوو، وتم رۆڵه نه‌چیت بۆ خۆپیشاندان، وتی ناچم‌و زوو دێمه‌وه. كه‌چی رۆشت‌و ئیتر نه‌هاته‌وه‌و چرای ماڵه‌كه‌میان كوژانده‌وه".
دڵسۆز به‌ده‌م هه‌نسكی گریانه‌وه، هاواریكرد "خوا هه‌قی رێژوانیان لێبسێنیت، رێژوان چاوو رۆحم بوو، ئه‌ی خوا... خوا كوا كوڕه نازداره‌كه‌م...".
ئێستا ئه‌م خێزانه‌و هه‌موو خه‌ڵكی شار، بۆ مه‌رگی ناوه‌ختی ئه‌م كوڕه رووخۆشه خه‌مبارن، كه دوای نیوه‌ڕوانێك له‌ماڵ هاته‌ده‌ر‌و پاش دوو كاتژمێر كه یه‌كێك له‌هاوڕێكانی ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كات، كه‌سێك له‌بری رێژوان وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و پێیده‌ڵێت "وه‌رن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن، خاوه‌نی ئه‌م مۆبایله، فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه".
ئه‌م هاوڕێیه‌ی كه ناوی (سه‌فین)ـه، باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و نیوه‌ڕۆیه پێكه‌وه لای ماڵه‌وه دانیشتوون‌و رێژوان پێیوتووه با بڕۆین بۆ بازاڕ، به‌ڵام ئه‌م له‌گه‌ڵی نه‌چووه‌و ئه‌و پێیوتووه: من ئه‌ڕۆم ئیشێكم هه‌یه‌و دێمه‌وه. سه‌فین وتی "كه رۆشتمه نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن، ته‌له‌فۆنم بۆ ژماره‌كه كرده‌وه، پرسیاری ته‌مه‌ن‌و ناوی رێژوانی لێكردم‌و وتی وه‌ره پزیشكی دادوه‌ری، كه چوم سه‌یرم كرد رێژوانه، به‌دوای منیش‌دا باوكی هات‌و به‌سه‌ر جه‌سته‌ی سارده‌وه‌بووی كوڕه‌كه‌یدا له‌مه‌یتخانه دانه‌ویه‌وه‌و ماچێكی ناوچه‌وانی كرد‌و دایه قوڵپی گریان".
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی دایكی وه‌ك حه‌زی مناڵێكی تازه پێگه‌یشتوو، رێژوان ئاواتی ئه‌وه‌بوو ببێت به‌پۆلیس، حه‌زیشی له‌ژنهێنان بوو.
دڵسۆز به‌ده‌م لاواندنه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یه‌وه وتی "كوڕه‌كه‌م حه‌زی ده‌كرد ببێت به‌پۆلیس، ئه‌یووت دایه گیان منیش حه‌ز ده‌كه‌م وه‌كو خاڵم ببم به‌پۆلیس، پێیده‌وتین ژنێكم بۆ بهێنن‌و قاتێكی تر له‌سه‌ره‌وه دروستبكه‌ن‌و ده‌بم به‌پۆلیس، چۆن جه‌رگیان سوتانم‌و ماڵه‌كه‌یان تاریك كردم".
له‌نێو ئه‌و جلوبه‌رگ‌و ده‌فته‌رو كتێبانه‌ی كه رێژوان له‌دوای خۆی به‌جێی هێشتووه، دوو دێڕه شیعری عاشقانه سه‌ر به‌رگی ناوه‌وه‌ی ده‌فته‌رێك، سه‌رنج راده‌كێشێت، "كێ وه‌كو من خۆشی ئه‌وێی؟ كێ وه‌كو من بۆت ئه‌سوتێ ـ رۆژ نییه بۆ بینینێكت ده‌رسی یه‌كه‌مم نه‌فه‌وتێ".
حاجی عه‌لی باوكی رێژوان، كه به(حاجی عه‌لی كاشی) ناسراوه، به‌دڵته‌نگی‌و حه‌سره‌ته‌وه باسی كوشتنی كوڕه‌كه‌ی ده‌كرد، "به‌كرێكاری كوڕه‌كه‌مم به‌خێو كردووه، كوڕه‌كه‌م بۆئاژاوه‌گێڕیی‌و خۆپیشاندان نه‌ڕۆشتۆته ده‌ره‌وه، به‌ڵكو بۆ ئاسیاسێڵ رۆشتووه بۆ ئه‌وه‌ی سیمكارته‌كه‌ی بگۆڕێ، كه به‌لای لقی چواردا تێپه‌ڕ بووه، فیشه‌كیان پێوه‌ناوه‌و كوشتویانه، كوڕی منیان به‌بێ تاوان كوشت، زوڵمێكی زۆر گه‌وره‌یان لێكردم".
وتیشی "حكومه‌تێك جه‌رگم بسوتێنێت‌و منداڵم بكوژێت، نامهه‌وێت. داوای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و به‌رپرسی لقی چوار‌و بكوژانی ناو لقی چواریش تۆمار ده‌كه‌م".
رێژوان عه‌لی، له‌دایكبووی ساڵی 1997ه‌و نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی دارۆغای شاری سلێمانین، پێنجه‌م منداڵی خێزانه‌كه‌یه‌تی‌و دوای چوار خوشك له‌دایكبووه، برایه‌كی بچوكی هه‌یه به‌ناوی رێكان‌و قوتابی پۆلی دووه‌می ناوه‌ندیی بوو.
لەژمارە (٢٦٣)ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە