پارتی داوا لەبەرپرسە حزبییەكانی دەكات لێدوان بۆ میدیاكان نەدەن
  2019-02-18       1387       

پارتی داوا لەبەرپرسە حزبییەكانی دەكات لێدوان بۆ میدیاكان نەدەن، لەمبارەیەوە سەركردەیەكی ئەو حزبە بە مەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت بە ئاوێنەی راگەیاند حزبەكەی رێنمایی دەركردوە هیچ سەركردە‌و بەرپرسێكی پارتی لەسەر رێكەوتن‌و كێشەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی لێدوان نەدەن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەراندەوە تا رەوتی گفتوگۆكان بە شێوەیەكی سەركەوتوانە بەرێوە بچێت.


ئاوێنە: ئەو سەركردەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەبەوە دەكات كە بزوتنەوەی گۆران داوای لەحزبەكەی كردوە كۆبونەوەی ئەمرۆ لە كاتژمێر 11 دوابخرێت بۆ 4 ی پاشنیوەرۆ، لەپێناو دەرفەتدان بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی لەگەڵ دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمانە، ئەو وتی "من پێمباشە كۆبونەوەی پەرلەمان نەك بۆ كاتژمێر 4 بەڵكو بۆ دو بەیانی دیكەش دوا بكەوێت لەپێناو رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنەكانی دیكەش، بەلای منەوە رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی گرنگترە لە كۆبونەوەی پەرلەمان".

لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتی‌و پارتی بۆ گەیشتنیان بە رێككەوتنی سیاسی ئەو وتی "كۆبونەوەكەی ئەمشەوی رابردو  كەلەنێوان یەكێتی‌و پارتی ئەنجامدراوە زۆر گرنگ بوە، جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی لەكۆبونەوەكەدا بوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی كۆبونەوەكە دیار نیە كە چی بریارێكی تێدا دراوە، ئومێد دەكەین بەرێككەوتنی نێوان هەردو حزبە سەرەكییەكەی كوردستان كێشەكان چارەسەر بكرێن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×