ژنێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی "رۆزە عەلی" بەهۆی سوتانەوە گیان لەدەست دەدات، پۆلیسی سلێمانیش پەراوی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردوەتەوە، شایەتحاڵێكیش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە ئەو ژنە سوتێنراوە نەك ئەوەی خۆی بسوتێنێتو ئاسەواری ئەشكەنجەش بەسەر جەستەیەوە بینراوە.
ئاوێنە: بە وتەی ئەو شایەتحاڵەی كە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روداوی گیانلەدەستدانی ژنێكی تەمەن 20 بەناوی رۆزە عەلی ئاشكرا كرد و وتی "ئەو ژنە خۆی نەسوتاندوە، بەڵكو سوتێنراوە، گومانەكان دەچنەوە سەر ئەوەی دەستی هاوسەرەكەی تێدا بێت، رۆزە دەرچوی پەیمانگای تەكنیكی بو، لەژیانی هاوسەرێتیدا چەندین جار روبەروی ئەشكەنجەدان بوەتەوە".
هەرچەندە تا ئێستا هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوەو پۆلیس لەلێكۆڵینەوەدایە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری روداوەكە، بەڵام ئەو شایەتحاڵە كەناوی سەیران موحەمەدە دەڵێت "کاتێک چومە ژورەوە بینینم کە هیچ شتێک لە ماڵەکەدا نەسوتاوە و تەنها پارچە فەرشێکی بچووک لە ڕێڕەوەکە سووتاوە و بە شێوازێکی بەرگریکردن لە خۆی دەستەکانی ڕق بوە، لە ئاستی سنگی بەرەو ژور سوتاوە، جگە لەوە دەستی چەپی هەڵدڕابو، هیچ بۆنێکی نەوت و بەنزینی لێنەدەهات، هاوکات خوێن لە گوێچکەیەوە نەدەوەستا و پێدەچو کە شتێکی قورس بەر سەری کەوتبێت".