2019-02-19   725     
دۆناڵد ترامپ
لهبهرامبهر بڕیاری ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەئهمریكا، 16 ویلایەتی ئەمەریکا سکاڵای یاسایی لەدژی دۆناڵد ترامپ تۆمار دەکەن.
ئاوێنه: بهپێی ههواڵێكی دهنگی ئهمریكا، ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، نیویۆرک، مێریلاند، ڤێرجینیا، مەین، میننەسۆتا، نیڤادا، نیوجێرزی، نیومەکسیکۆ، ئۆرگن، مێشیگن، کۆلۆرادۆ، کەنێتێکت، دەلەوێر، هاوایی، ئیلینۆی، سکاڵا یاسایـیەکەیان ڕاگەیاند کە لە 57 لاپەڕە پـێکهاتووەو بەرزیانکردۆتەوە بۆ دادگای فیدراڵی لەویلایەتی کالیفۆرنیا.
لەسکاڵاکەدا هاتووە، سەرۆک ترامپ بەو بڕیارەی دو بەندی دەستوری وڵاتەکەی پـێشێلکردووە، یەکەمیان پەیوەستە بە ڕێوشوێنە یاسایـیەکان و دووەمیان پەیوەستە بەدەسەڵاتی کۆنگرێس لەوەی خاوەن بڕیاری کۆتایییە لەخەرجیـیەکانی دەوڵەت.
باس لەوەش دەکەن هیچ پاساوێک بۆ ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ نیـیەو دەڵێن، وەزارەتی دەرەوە دانیناوە بەوەی هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت تێرۆرستان سنورەکانی باشوری وڵاتەکە بەکاردەهێنن بۆ هاتنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی نیشانیدەدەن کۆچبەران کەمتر تاوان ئەنجامدەدەن بەراورد بەو ئەمەریکایـیانەی لە وڵاتەکەدا لەدایکبوون.
زۆربەی دیموکراتەکان و تەنانەت ژمارەیەک لە سیناتۆرە کۆماریـیەکانیش ڕەخنە لەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ دەگرن، دەڵێن ئەمە ڕێگە خۆشدەکات لەبەردەم سەرۆکانی داهاتووی ئەمەریکا لەوەی هەموو جارێک پەنا بۆ ئەم یاسایە بەرن کاتێک لەگەڵ کۆنگرێس لەسەر بابەتێک ناکۆک دەبن.
ئەگەر بێتو سکاڵای ئەم ویلایەتانە قبوڵبکرێت، ئەوا کەیسەکە ڕەوانەی دادگای باڵا دەکرێت کە خاوەن بڕیاری کۆتایییە.