2019-12-18   1976     
کاروان سورچی، وتەبێژی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''شاندێکی بازرگانانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی سەردانی تورکیایان کردووە و رۆژی پێنجشەممە بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئابووری ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن''.
ئاوێنه: شاندێکی بازرگانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بە سەردانێک لە تورکیایە و بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئابووری دەکەن و زنجیرەیەک دیداری بازرگانی لە چەند شارێکی تورکیا ئەنجام دەدەن بە ئامانجی داڕشتنی پلانی بازرگانی بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی و ئابووری بدەن.
وتەبێژی ژوورە بازرگانی و پیشەسازی وتی، ''شاندێکی بازرگانانی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی سەردانی تورکیایان کردووە و رۆژی پێنجشەممە بەشداری لە کۆڕبەندێکی ئابووری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن''.
کاروان سورچی وتیشی، ''شاندەکە رۆژی پێنجشەممە لە شاری مێرسین بەشداری کۆڕبەندێکی ئابووری دەکەن و رۆژی هەینیش سەردانی شاری ئادانا دەکەن و لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکی ژووری بازرگانی ئادانا کۆدەبنەوە و ئامانجیان ئەوەیە کە بتوانن لە ساڵی داهاتوو زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی بدەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا''.
شاندەکە بە سەرۆکایەتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێم رۆژی پێنجشەممە دەست بەکارەکانی دەکات و کۆڕبەندەکە ماوەی یەک رۆژ لە شاری مێرسین ئەنجام دەدرێت و رۆژی هەینیش شاندەکە سەردانی شاری ئادانا دەکات و دواتر دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.آ