خوێندنەوەی کتێبی بە سیاسیکردنی ئیسلام
  2019-12-18       2268       

سەردار عەزیز



کتێبی بە سیاسیکردنی ئیسلام، لە نوسینی د. شێرکۆ کرمانجە، ناوەندی ئەندێشە لە سلێمانی لە چاپی داوە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا تێزێکی ئەکادیمییە. وەک لە ناونیشانەکەیدا دیارە دەربارەی پرۆسەی بە سیاسیبونی ئیسلامە. لە هەمانکاتدا ئاماژەیە کە ئیسلام لە سەرەتادا سیاسی نەبوە و پاشان لە پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە ئاستی سیاسی و تیوری و مێژویی و ئیداریدا پرۆسەی بە سیاسیکردن هاتوەتە ئاراوە. کتێبەکە بە میتۆدێکی ئەکادیمی و لە هەمانکاتدا خوێنراوە نوسراوە.
نوسەر سەرەتا لە ئیسلامیزمی ئەم سەردەمەوە دەست پێدەکات، وەک دیاردەیەکی بەربڵاو. بەڵام سەرباری بڵاوی ئیسلامیزم لەم ڕۆژگارەدا، ئەم دیاردەیە مێژویەکی کۆنتری هەیە لە ئەم مێژوە نوێیە. لە پرۆسەی مێژوگەرێتیدا، هەمیشە لە هەوڵی تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەک خاڵی سەرەتا گرنگ بوە. لە کوێیوە دەست پێدەکەیت بۆ ئەوەی لە ڕەگەکانی دیاردەیەک تێبگەیت، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر چۆنێتی و ئاستی تێگەیشتن لە ئەو دیاردەیە. بەمجۆرە ئەگەر بێتو مێژوی ئیسلامی سیاسی، یان بە سیاسیکردنی ئیسلام بگەڕێنیتەوە بۆ سەردەمی مۆدێرنەو لە پەرچەکرداری ڕۆژئاواو و مۆدێرنەدا ئەوە تێگەیشتن لە دیاردەکە زۆرجیاوازە لەوەی کە بیگەڕێنیتەوە بۆ ڕۆژگاری سەرەتای بە سیاسیکردنی ئیسلام، بە تایبەت لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسییەکاندا.
بە سیاسیکردنی ئیسلام مانای پرۆسەی پێکەوەگرێدانی ئاین و دەسەڵاتە. ئەم دیاردەیە لە ئیسلامی سەرەتادا هێندە بە زەقی بونی نیە، بەڵکو زیاتر دیاردەیەکی لاساییکردنەوەی دەسەڵاتە دێرینەکانی ناوچەکەیە بە تایبەت دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکانی ڕۆژهەڵات عێراق. لەمەشدا بەڵگەنامەی ئەردەشێر وەک بنەمایەک دادەنرێت کە ئیسلامی سیاسی لێوە پەیوەندی نێوان ئاین و دەسەڵاتی داڕشتوە. ئەردەشێر وەک یەکەم پادشای ساسانیەکان، دامەزرێنەری دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێزبوو، هەروەها ئاینی زەردەشتی بەکارهێنا بۆ پشتیوانی دەسەڵاتەکەی. ئیبن موقەفەع و پاشان غەزالی ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە داڕشتنی ئەم وەرچەرخانە.
ئەم بە سیاسیبونە سەرەتایە پاشان دەبێتە بنەما بۆ قۆناغی نوێی بە سیاسیبونی ئیسلام. بیرمەندە ئیسلامیە سیاسیە نوێکان ڕاستەوخۆ پشت دەبەستن بە تێزەکانی بیریارانی قۆناغی یەکەمی ئیسلامی سیاسی، بە تایبەتی کەسانی وەک ئیبن تەیمیە و ئەوانی تر.
ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان، بە تایبەت لە ڕەخنەکردنی ئەو تەوژمەی کە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و گەشەی مۆدێرنە و جیهانگیریی. هەرچەندە بێگومان ئەم ڕوداوە گەردونیانە، وەک کۆتایی ئیمپراتۆریەت و گەشەی دەوڵەتی نەتەوە و بە جیهانیببونی بەها مۆدێرنە ڕۆژئاواییەکان کاریگەری هەبوو لە سەر گەشانەوەی ئیسلامی سیاسی، بەڵام پرسێک نەبوو کە بۆ یەکەمجار لەو ساتەوەختەدا بێتە ئاراوە. لێرەدا پرسێکی فۆکۆیانە لە ئارادایە، ئایا ئیسلامی سیاسی چەند مێژوی هەیە؟ ئایا پچڕان هەیە لە مێژویەکەیدا یان بەردەوامی؟ یان ئایا دەکرێت تەنها مێژوییەکی هەبێت؟ لە کاتێکدا هاوشێوەیی و هاوبەشییەکی زۆر هەیە لە نێوان نەوەی نوێی ئیسلامی سیاسی لە ڕوی خیتابەوە، سەرباری جیاوازی کەلتور و جوگرافیا و پاشخانیان، بەڵام دەکرێت هەردوو میتۆدی تاک مێژویی و هەروەها ووردە مێژویی بە سودبێت بۆ تێگەیشتن لەم دیاریدەیە.
بوارێکی تر کە کتێبەکە جەختی لە سەر دەکاتەوە، کۆمەڵە چەمکێکی تایبەتە کە بنەماکانی ئیسلامی سیاس دادەڕێژن، ئەم چەمکانە وەک: شورا، خەلافەت، پەیمان، زیممە، جیهاد و ئەنفال. ئەو میتۆدەی د. شێرکۆ بەکاری دەبات دەکرێت بە میتۆدی هەڵکۆڵین یان ئارکەلۆژی ناوبنرێت. ئایا ئەم چەمکانە لە بنەمادا مەبەست لێیان چی بوە؟ چۆن هاتونەتە ئاراوە؟ بەڵام ئەگەر بە میتۆدی جینالۆجی دەوڵەمەندی بکەین ئەوا لەو ئاڵۆزییە دەگەین کە چۆن چەمکێک لە سەرەتادا بۆ مەبەست و ئامانجێکی تایبەت دێتە ئاراوە، پاشان لە میانەی ڕوداو و کات و مێژودا بە ئاراستەیەکی تردا دەڕوات و بە تەواوی لە مەبەستی سەرەکی دادەبرێت. ئەم میتۆدە بۆ زۆر چەمکەکانی تر ڕاستە.
ئەم کتێبە شایستەی خوێندنەوەیە بۆ قاڵبون لە بوارێکدا کە لە ئاستی مێژویی و فیکری و سیاسی و دەسەڵاتیەوە وابەستەیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە دونیای ئەمڕۆوە. ئایا ئیسلام دەسەڵات بە کار دەهێنێت بۆ بوژانەوە یان زیندوکردنەوە ئیسلام، یان ئایا دەسەڵات پەنا دەباتە بەرامبەر ئیسلام بۆ وروژانی کۆمەڵایەتی و ختۆکەدانی چین و توێژێکی تایبەت لە پێناو بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا؟ ئەم پرسیارانە تەنها تایبەت نین بە ئیسلامەوە بەڵکو هەموو ئایدیالۆژییەکانی تر دەگرێتەوە. ئیسلامی سیاسی پرۆسەی بە ئایدەلۆژیاکردنی ئاینە. ئایدەلۆژیا لێرەدا بریتیە لە پرۆسەی سنورڕێژی دونیا لە پێناو کۆنترۆڵکردنی باوەڕداراندا و هێنانە ئارای میکانیزمی دۆست و دوژمن و لە ئەنجامدا حوکمکردنیان.
لایەنێکی ناوازەی ئەم نوسینە ئەوەیە کە هەردوو نۆرماتیڤ و پراکتیز پێکەوە گرێدەدات. مەبەست لەمە ئەوەیە کە تەنها مێژوی دەق و نوسراوەکان نیە، بەڵکو لە هەمانکاتدا چۆنێتی تەرجەمەبونی ئەم بەها نۆرمەتیڤانە بۆ واقیع لێکدەداتەوە. ئەم پێکەوە گرێدانە گرنگە چونکە مێژوی پراکتیزەکردنی ئیسلام هەمیشە وەها سەیردەکرێت کە مێژوی ڕاستەقینەی ئیسلام نەبێت. ئەم میتۆدە بۆخۆی پرۆسەیەکی ئایدەلۆژییە نەک زانستی.
ئەوەی دەبێت ئاماژەی پێبکەین لێرەدا ئەوەیە کە مێژوی ئیسلام لە کۆمەڵگای ئێمەدا مێژویەکی تایبەتە. مێژویەکە کە بە پرۆسەی میژوگەرێتیدا تێناپەڕێت بەڵکو وەک ڕاستییەک و فاکتێک مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەم قەیرانە میتۆدۆلۆجییە وەهایکردوە کە بیرکردنەوە و تێڕامان لە مێژوی ئاین لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر وەک بڤەیەک بێت، نەک وەک بوارێک بۆ دەوڵەمەندکردن و سەردەمیکردن. بەڵام ئەم کتێبەی د. شێرکۆ لەپاڵ ئەو شتانەی ئاماژەیانپێکرا هەوڵێکە بۆ دەستبردن‌و شکاندنی بڤەکان‌.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×