ژنی کورد لەمێژوی جولەکەدا، سینات بارزانی بەنمونە
  2019-12-19       2757       

جوان عومەر ئەحمەد


یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی مێژووی کوردە جوولەکەکان نەبوونی نووسراو وتۆمارە مێژووییەکانە جگە لە بیرەوەریەکانی بینجامین تودێلا و جەند پەرتووکێکی کەم نەبێت، تۆمارێکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە، هەروەها خەمساردی زانکۆکانی کوردستان و کەمی تیز و لیکۆلینەوەکانی خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان ئەوەندەی تر ئاستەنگی دروستکردووە بۆیە ئەم نووسینەی منیش بێ کەموکورتی نابێت.

مێژووی کوردە جوولەکەکان لە کوردستان
ئەگەرچی تا ئیستا سەبارەت بە ساڵ و سەردەمی هاتنی جوولەکەکان بۆ ناوچەی مێزۆپۆتامیا کوردستان سالێکی دیاری کراو نەخراوەتە ڕوو یان ئاماژە بەهیچ سالێک نەکراوە، زۆربەی زۆری ئەو نووسراوو سەرچاوانە جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە بوونی جوولەکەکان لە کوردستان و ناوچەکەدا دەگەرێتەوە بۆ سەردەی 7ی پێش زایین هەندێک سەرچاوەی تر بۆ سەدەی 8ی پێش زایین.
مێزۆپۆتامیا: (Mesopotamia) بەزمانی گریکی (Μεσοποταμία) واتا وڵاتی نیوان دوو ڕووبار، مێزۆپۆتامیا ناوچەیەکی جوگڕافییە لە نێوان هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات، زۆربەی ئەم ناوچە کەوتووەتە کوردستانەوە. مێزۆپۆتامیا خاوەنی خاکێکی بەپیتە و هەر بەو هۆیەوە بە درێژایی مێژوو شوێنی کشتو کاڵ و بێشکەوتنی شارستانیەت بووە.!!
لەو سەردەم و ساتەوەختەشدا سەدەی 7یی پێش زایین ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتدارێتی ئاشوورێکاندا بووە. هەروەها لەسەردەمی بابلییەکاندا و بە هۆی هێرەشەکانی (نەبووخەدنەسر) دووەم 605 -562 پێش زایین بۆ سەر جولەکەکان و بەهەزاران جوولەکە بە دیل دەگرێت و رەوانەی شارو گوندەکانی بابل دەکرێن هەندێکیشیان بۆ ناوچە شاخاویەکانی باکووری ئیمپراتۆرێتی بابل کە دەکاتە ئیستای کوردستان.
ئەبێت ئالێرەدا باس لە دوو سەردەمی جیاوازی کاولکاری و کۆمەڵکوژیەکانی جوولەکەکان بکەین سەرچاوەکان بە گشتی ئاماژە بۆ ئەوە ئەکەن ئاشوریەکان زیاتر لە جارێک هێرشی داگیرکاریان کردۆتە سەرخاکی ئیسرائیل دواتریش بابلیەکان هەروەها 10 لە هۆزە گەورەکانی بەنی ئیسرائیل بەدیل و کۆیلە کراوون راگویزراون، هێرشی یەکەم لەلایەن ئاشووریەکان و سەد ساڵ دوای هێرشی یەکەم (نەبووخەدنەسر) دووەم، جارێکی تر کۆمەلکوژیان دەکات ژمارەیەکی زۆر کەم لە جوولەکەکان دەمێننەوە هەروەک (بینجامین تۆدێلا) باسی دەکات کە لەتەواوی کۆمەلکوژی هۆزە جوولەکەکان تەنیا چەند هەزار جوولەکەیەک دەربازیان دەبیت سەرجەمیان کوژراون.


بینجامین تودێلا کێیە؟

گەریدەیەکی جوولەکە بووە لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە سەدەی دوازەهەمدا گەشتی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقای کردووە و هەروەها گەشتەکەی بینجامین بۆ خۆرئاوای ئاسیا بە سەد ساڵ پێش گەشتەکەی (مارکۆ پۆلۆ) بووە بیینجامین توانایەکی رادەبەردەی هەبووە زمان زان و جوگرافیست و هیستۆرکاڵیکی بلیمەت بووە بینجامین بەیەک لە کەساییەتیە شارەزاو بە توانا و دیارەکانی جوولەکە دادەنرێت بەتایبەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا
بینجامین کارو چالاکیەکانی گرنگی تەنها بۆ گەلی جولەکە نەبووە بەڵکو بە سەرچاوەیەکی گرنگی جوگرافیای و کۆمەڵناسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست هەژمار دەکرێت، هەندێک لە باسەکانی بینجامین ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی ئێستا و ڕابووردووی ڕۆژهەڵات پیشانی خوێنەر ئەیات. هەروەک لە کتێبەکەی (هێبریو) نووسیویەتەوە و پاشان کراوە بە لاتینی و دواتریش وەرگێردراوەتە سەر چەندین زمانی تری ئەوروپی و جیهانی کە زیاتر بۆتە جێی تێڕامان لە سەدەی شانزەهەمین کە بە سەدەی گەشەسەندن ناو دەبرێت. گەڕان و رووماڵکردنی رووداوەکان لەسەردەمی بینجامین بە گرنگرترین کار هەژمار دەکرێت لە مێژووی جولەکەکاندا.
نەبووخەدنەسری دووەم یەکێک بوو لە پاشاکانی بابل کە لەنێوان ساڵانی 605 هەتا 562 پێش زایین فەرمانڕەوای ناوچەکەی کردووە.!!
جگە لە سەرچاوە مێژووییەکان ئەم بۆچوونەش لەگەل تەواوی ئەو دەقە ئایینانەدا دێتەوە کەلە (بایبڵ) ئینجیل دا ئاماژەی بۆکراوە کە: جوولەکەکان لە پێش ساڵانی زایینیدا، راپیچ و دیلکراوی شارەکانی بابل کراون. هەروەها لە (تەورات) یشدا هەمان زانیاری پشتڕاست کراوەتەوە ئاماژە بەهەمان زانیاری کراوە کە ساڵی حەوتەمی هۆشەعدا پاشای ئاشووری (شەلمانسەر) تەواوی جولەکاکانی بۆ ئاشوور راگواستووە، هەروەها (بینجامین تۆدێلا) ئاماژە بەوە دەکات کە 2800 ساڵ بەر لە ئێستا جوولەکەکان لەلایەن پاشای ئاشووری (شەلمانسەر سێیەم) 858-824 پیش زایین بۆ کوردستان راگوێزراون و لەسەر رووباری خابوور نیشتەجی کراون، هەروەها لە (تەلموود) دا هەمان زانیاری دووبارە پشتڕاست کراوەتەوە.
تەلموود چیە! تەلموود (بەعیبری:תלמוד) وشەیەکی عیبرییە.

 
تەلموود 1
 بەمانای خوێندن یان فێرکردن دێت، دووەم کتێپی پیرۆزە بۆ جوولەکەکان لەدوای تەورات کە لە چەند نووسیراوێکی کۆکراوە پێک دێت. ئەم پەرتووکە باس لە وتووێژەکانی پیاوانی ئاینیی جوولەکە (حاخام) دەکات سەبارەت بە یاسا و بنەماکانی ئاینی جوولەکە، تەلموود لەدوو بەش (بەند) پێکدێت کە بریتیین لە میشنا و گیمارا کە میشنای 200 ساڵ بەر لە زایین نووسراوەتەوە و هەروەها گیمارا لە دەورووبەری ساڵی500ی زایین نووسراوە. تەلموود کاری پێدەکرێت لەلایەن هەموو جوولەکەکان کە باوەڕیان بە ئاینەکەیان هەیە، زۆربەی کاتیش جوولەکەکان دەیکەنەوە بەتایبەتی لەڕۆژی پشوو ناسراو بەڕۆژی (حانوکا).
هەربەپێی تەلموود رێ بە باگخوازە جوولەکەکان دراوە کە بۆ ئاینی جوو لە نێو کوردەکاندا بڵاوبکەنەوە بەم کارەش سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێناوە.
لە ئاکامدا، خانەدانە فەرمانڕەوا کوردەکانی (ئادیابین) یان هۆزی (هەزەبانی)
هەزەبانی هۆزێکی کورد بوون هەزەبانێکان پێش لە دایکبوونی مەسیح هەتا چەند سەدەیکیش دوایی زایین حوکمرانی ناوچەیەکی فراوانیان کردووە هەر لە ورمێ وە هەتا هەولێر فەرمانڕەوایی ئادیابین پایتەخەتەکەی هەولێر بووە.!!
لەسەدەی یەکەمی پێش زایین خۆیان و ژمارەیەکی زۆری لەهۆزەکەی و کوردەکانی ژێر فەرمانڕەواییەکەی چوونەتە سەر ئاینی جوولەکە، هەروەها دکتۆر عومەر ئیبراهیم لە پەرتووکی کەرکوک ناوچەیەکی کوردستانیە دەنووسێت: لەسەدەی 6شەمی پیش زایین ئایینی جوولەکە گیشتۆتە کوردستان، (دانیاڵ) پێغەمبەر یەکەم کەس بووە کە ئەو ئایینەی لە ناوچەی (کەرکوک) لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی (میدیا) بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها بینجامین تودێلا لەسەدەی دوانزەهەم بەتایبەت لەساڵی 1170 لەگەشتەکەیدا بۆ کوردستان بەو شێوەیە باسی دەکات و دەڵیت هەردوو گەلی جوولەکە و کوردەکان لەلوتکەی گەشەسەندی ئابووری و ئایینی و کۆمەڵایەتیدا بوون هەروەها ئەلیت ژنە کوردەجوولەکەکان زۆر ئازاتر و ئازادترن لەو ژنانەی لە ناوچەکەدا دەژین تەنانەت لە خوشکە جوولەکانیان ئازادتر و سەربەخۆتر تر دەژیان کە هەرگیز بەراورد ناکرێن بە ژنە فارس و تورک و عەرەبەکانی چواردەوریان، پەیوەندی خێزانی کوردەکان زۆر ئارامتربوون لەو گەلانەی ناوچەکە جگەلەوە ژنە کوردە جوولەکەکان لە کێلگەکاندا شان بەشانی هاوسەرەکانیان کاریان دەکرد و بەدەگەمەن دەتبینی ژنێک لەناویاندا باڵاپۆش بێت، پیاوەکانیان زۆر بەرێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ هاوسەر و ژنەکاندا دەکرد، چونکە ژنەکان زۆر ماندوو دەبوون بەکاری ناوماڵ و هاوکاری هاوسەرەکانیان لەکێلگەکاندا لە پێناو گەورەکردنی خێزانەکانیاندا. هەر بۆیە لە سەدەی 17دا بەهۆی ئازادی ڕیژەیی بوێری و متمانە بەخۆبوونی ئافرەتانی جوولەکە کوردەکان یەکەم ژنە کوردی جوولەکە دەبێتە حاخام (Rabbi) لە ئامێدی بەوەش ئەوەمان بۆ پشتراست دەبیتەوە کە خاکی کوردستان و کوردەکانی داڵدەی سەرجەم جوولەکە راگویزراوەکان بووە، بەشێکی زۆر کاروباری ژیان و فەرهەنگ و کلتوری کورد و گەلی جوولەکە هێند تێکەڵ بوون بەئاستەم جودا دەکرێنەوە، هەر بۆیە هەندیک پێیانوایە کورد بەرەچەڵەک دەچێتەوە سەر هۆزیکی کۆنی ئیسرائیل یان کورد زادەی شاسلێمان و جنۆکەکانی بن دەستی ئەوبن. لێ لێرەدا ئەوەی گرنگە باسی بکەین کاریگەری کلتوری کوردە، ژنانی کوردە لەسەر گەلانی دراوسێ و ناوچەکە و بەتایبەت گەلی جوولەکە تەنانەت هەندێک داهێنان و ڕووداو لە کوردستانەوە بووە کە کاریگەری لەسەر ئەوان و گەلانی ناوچەکەش بەجێهێشتووە بەتایبەتی ئازادی و ئازایەتی ژنانی کورد کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد خۆ ئەگەر بەتایبەت (ئەسینات بارزانی) بەنموونە بهینینەوە ئەوە بەروونی ئەوەمان بۆ دەرئەکەویت کە نەک لە کلتوری گەلی جولکەدا بەڵکو لە تەلموودەکەشیان لەساییەی ئەسینات بارزانی گۆڕانکاری بەسەرهاتووە.


ئاسینات بارزانی Asenath Barzani
ئاسینات بارزانی (1590 لەدایکبووە لە 1670 کۆچی دوایی کرد)، ئەو کچی یەک لەبەناوبانگ و دیارترین بانگخوازی کوردی جولەکە بووە لە باشووری کوردستان و ئێراق کچی سامویلی کوری نێتانێڵ بارزانی. ئاسینات بە یەکەمین ژنی بانگخوازی جولەکە هەژمار دەکرێت لە مێژوودا و لە هەمانکاتدا یەکەمین ژنی کوردیشە بانگخواز بێت.
ئاسینات شارەزایی تەواوی هەبووە لەزمانی عیبری، تەورات، تەلموود، میدراش و کابالا دا.
لەبەرئەوەی سامویلی باوک کوڕی نەبووە ئاسینات یەک لە ژیرترین کچەکانی بووە لەلایەن سامویلەوە تەورات و تالموود و میشنا و کاباڵای فێر کوردووە، ئاسینات ئەڵێت؛ لەسەر ئەژنۆ ئەپارامەوە لە باوکم فێرم کات چونکە ئەو تەنها کاتەکانی بە شەوو ڕۆژەوە تەرخان کردبوو بۆ فێرکردنی تەورات.
تواناو ژیری ئاسینات ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سمامویلی باوکی ئاسینات زیرەکترین قوتابی خۆی هەڵبژارد کە ببێتە هاوسەری ئاسیناتی کچی بە ناوی یەعقوبی کوری ئبیراهیم میزراهی. ساموئیلی باوک تەنها مەرجی بۆ هاوسەرگیریی کچەکەی ئەوەبوو کە ئاسینات پەرە بە خوێندنەکەی بدات و ببێتە زانایەکی شارەزا لە تەورات تالموود لە بری کاری رۆتینی ناومال.
پاش مردنی باوکی و دوورکەوتنەوەی هاوسەرەکەی بۆ خزمەتگوزاری و خزمەت کردنی ئاینەکەیان، ئاسینات ڕۆڵی سەرکردانەی ئایینی زۆر کرنگی گێراوە لە ناوچەی ئامێدی و گوندەکانی دەوروبەری و بووە بەکەسایەتیەکی دیاری ناوچەکە.
نازناوی بارزانی بەهۆی شوێنی لەدایک بوون و ژیانیەوە بووە و خێزانەکەی بوونە خاوەنی(بارزانی) وەک پاشناو.
بارزان؛ هەرێمێکی شاخاوەیە کە چەند کاژمێرێک دوورە لە باکووری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێرەوە. لە ساڵی 1914 بارزانیەکان ڕاپەڕیین دژی داگیرکەری عوسمانی بە پشتیوانی ڕووسیا کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینەکەی بیتلیس.
ئەوەماوەتە بێلیم ژنانی کورد کۆڵکەی فەرهەنگ کلتوری نەتەوەکەی خۆیان بوون شان بەشانی پیاوی کورد لەهەموو کایەکاندا بەشداربوون سیمبۆلی ئازایەتی و لە خۆبوردەیی کۆمەلگای رۆژهەلاتی ناوین بوون لەجیهانی نوێشدا ژنانی کورد جێگەی شانازی مرۆڤایەتی بوون.


تیێبینی: تەورات (بەئینگلیزی: Torah، بەعیبری: תּוֹרָה؛ واتا فێرکردن)، وشەی تەورات بەعیبری بەواتای فێرکردن یان ئاراستەدان دێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە فێرکاری و ئاراستەدانی یاساییەوە. تەورات ناوی پێنج کتێبی یەکەمی کتێبی پیرۆزی عیبیری (تەناخ) و پەیمانی کۆنە. کتێبی پیرۆز عیبری دابەش دەبێت بۆ سێ بەش، تەورات بەشی یەکەمییەتی، نیڤیێم واتا پەرتووکی پێغەمبەران بەشی دووەمی کێتووڤیم واتا نووسراوەکان بەشی سێیەمی بریتییە لە بەشی ئەدەبییاتی جوولەکە.
کابالا: (קַבָּלָה، ، Kabbala) بیرووباوەڕێکی ڕۆحانی جووەکانە. لەسەرەتای سەدەی یەکی زایینی لەلایەن شەمعون بار یۆجایەوە دەستیپێکرد. بیرووباوەڕی کابالا ئەوەیە کە چۆن دەتوانین خەیاڵ و ئەندێشەیەک ببینین و هەستیپێبکەین. کابالا کاریگەری لەسەر بەشێک لە جووەکان هەبوو کابالا جۆریەکە بەشێکی رۆحانی سۆفیزمی نیو جولەکەکانە
کابالا لەسەر 10 بنەما پێکدێت کە پێی دەڵێن درەختی کابالا کە نیشانەی 10 هێزە کە کاریگەرییان لەسەر جیهان هەیە.[1]
نووسین و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد

سەرچاوەکان:
Barazani, Asenath. Encyclopaedia Judaica. Detroit: Macmillan Reference USA. 3: 138
Who was the first female „rabbi?. Yekta Uzunoglu. Retrieved 2018-07-04.
Kurdish Women | Jewish Women's Archive. jwa.org
101 Storie Ebraiche che non ti hanno mai raccontato (in Italian). Retrieved 6 June 2012.
جوولەکەکانی شاری سلێمانی: رێبوار حەمەتۆفیق
کوردستانیە منگقە کرکوک: دکتۆر عومەر ئیبراهیم

سەرچاوەکان
[1]🇰 تۆماری تایبەت بۆ کوردیپێدیا | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست | جوان عومەر ئەحمەد


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×