کوردی پەپوولە.... کوردی ڕەنگاوڕەنگ
  2019-12-23       1364       

دلاوەر قەرەداغی


بیری عوسمان قادرم دەکرد، زیاتریش بیری هێڵەکانیم دەکرد....بیری ڕووبەرە ڕەش و سپییەکانی... بیری هۆرە و لایلایە و هەنسکی بەساڵاچووان و دایکان و مناڵە ڕەشوسپییە ڕەنگاوڕەنگە کوردەکانی.


ڕۆیشتم خۆیم بینی و پڕ بە سییەکانم بۆنی هێڵیم هەڵمژت. چیرۆک چیرۆک گوێم بە تەپەی دڵی تەنیایی پەنجەرەیەوە نا، چرا چرا چاوم بە باڵای حوزنی ئەنفالیاندا گێڕا. هێڵ هێڵ بە شوێنپێی تەپوتۆزی هەنگاویاندا چوومەوە و مانگ مانگ تریفەی فرمێسکیانم لە چاومدا بە ڕوانینم سپارد.
بیری عوسمان قادرم دەکرد، بە دابی هونەرمەندانی گەورەیش، زیاتر بیری کارەکانیم دەکرد. بیری ئەو هەموو غەریبییە کوردییەم دەکرد، بیری ئەو کۆمردنە کوردییە، بیری ئەو ئاخۆران باخۆرانی کۆهیجرەتە کوردییە، بیری ئەو هەموو کوردە ڕەش و سپییە!
عوسمان قادر، هونەرمەندی سەنگین و هاوڕێی دێرین. هێڵ هێڵ چیرۆک دەگێڕێتەوە و بە چیرۆکەکانیدا دەزانیت ئەو هەموو حوزنە هەیە، بەو حوزنانەدا دەزانیت ئەو هەموو دڵە شکاوە هەن، بەو دڵانەدا دەزانیت ئەو هەموو کوردە تەنیا و غەوارەیە هەن و بەو کوردانەدا دەزانیت کە ئەوەندە کوردی پەپوولە و ڕەنگاوڕەنگ... کوردی زۆر... کوردی بەکۆمەڵ هەن.
بە درێژایی ڕۆیشتن بەناو سەحرای ئەو سەفەرەدا، بەردەوام ڕوانینت لە پەلکی گریانێ گیر دەبێ و لاقت لە تووتڕکی برینێک هەڵدەنگوێ. بە درێژایی ئەو ڕێگەی خەنجەرە، هاوارێکی ساڵخوردە ڕێت پێدەگرێ و گلەوگازندەیەک لە دونیا و لە کوردبوون و لە مرۆڤ و لە دار و لە بەرد شەڕت پێدەفرۆشێ و بیانووت پێدەگرێ.
ڕەش وسپی لەم هەیەجانی هێڵەی عوسمان قادردا تەنها فێڵێکی هونەرییە، ئاخر لەژێر ئەو کپییە ڕەنگییە ڕووکەشەدا گڕکانێکی هەڵچوو هەیە لە ڕەنگ، ڕەنگی تۆخ و گەرم.... ڕەنگی کورد .... کوردی ئاڵوواڵا.... کوردی ڕەنگاوڕەنگ.

 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×