جه‌لال جه‌وهه‌ر: ره‌تكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ره‌تكردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌
  2019-02-20       2216       

جەلال جەوهەر، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند؛ حکومەتی داهاتو پابەندکراوە بە هەڵگرتنی تەواوەتی پاشەکەوتی موچەو باشکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ بەجێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لە سێکتەرەکان، دەشڵێت؛ رەتکردنەوەی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ هێزو لایەنەکانی تر، رەتکردنەوەی ئەو بنەمایانەیە کە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروستبوە، بۆیە ناکرێت ئەو بنەمایانە پێشێل بکەن.

ئاوێنه‌:  جەلال جەوهەر، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای ره‌سمی حزبه‌كه‌ی رایگەیاند؛ لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین خاڵی گرنگیان جێگیرکردوەو تەواوی رێککەوتنەکەش لەسەر هەر سێ ئاستی هەرێم و بەغداو ناوچە کێشەلەسەرەکانە.

وتیشی"خاڵێکی گرنگی رێککەوتنەکە بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچەیە، کە حکومەت پابەندە بەوەی پاشکەوتی موچە هەڵبگرێت کە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ خەڵکی کوردستانی بە تەواوەتی ماندوکرد و هەروەها گێڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان بەپێی خسشتەیەکی زەمەنی."

هەروەها باسی لەوەشکرد"خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە پێداچونەوەیە بە لیستی موچەخۆران، کە لە هەرێم نزیکەی یەک ملیۆن و (500) هەزار موچەخۆر هەیە، ئەوەش وایکردوە تێکەڵی دروست بێت لەنێوان موچەخۆرو فەرمانبەری راستەقینە، بۆیە گرنگە ئەو ژمارانە لەیەکتری جیابکرێتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت کە لەداهاتودا لەهەرێمی کوردستان ئەنجومەنی راژە دروست بکرێت تاوەکو فەرمانبەر لەسەر بنەمای میلاک دابنرێت لەدامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم، کە ئەوەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و میللەتەکەمان."

سەبارەت بە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمیش، جەلال جەوهەر وتی"حکومەتی هەرێم وەکو پێویست بە دامەزراوەیی نەکراوە، دەستوەردان هەیە لە کاروباری حکومەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی حیزبەوە، پێداگریمان لەسەر ئەوە کردوە کە دامەزراوەکانی هەرێم بە دامەزراوەیی بکرێن بۆ ئەوەی حکومەت لەو فەوزایە رزگار بکرێت."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ خاڵێکی دیکەی گرنگ لە رێککەوتنەکە ئەوەیە کە حکومەت پابەندکراوە بە گێڕانەوەی هەمو ئەو کەسانەی روبەڕوی سزای سیاسی بونەتەوە لە ساڵی (2009)ەوە تاوەکو ئێستا، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا راستکردنەوەی کارێکی سیاسییەو هەروەها زوڵمێکی گەورەشە دەرهەق بەو کەسانە کە کراوە.

سەبارەت بە پرسی لامەرکەزیش، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان وتی"خاڵێکی دیکەی گرنگی رێککەوتنەکە بابەتی لامەرکەزییەتە، کە کەموکورتی زۆری تێدایەو پێویستە یاسای ژمارە سێی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەمواربکرێتەوەو دەسەڵاتی دارایی و ئیداری زیاتر بدرێت بە ئەنجومەنەکان ئەوەش بە چاودێری ئەنجومەنی وەزیران."

ئاماژەی بەوەشکرد، کە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانەوە دەردەچێت و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا ئەنجومەنێکی باڵای چاکسازی دروست دەکرێت، جگە لەوەش بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لەهەمو سێکتەرەکاندا، سەقفی زەمەنی دانراوە.

وتیشی"بەرژوەندی میللەتەکەمان و دۆخی مەترسیدارو ناسەقامگیریی ناوچەکە وا دەخوازێت کە لەگەڵ هێزو لایەنەکانی تر پێکەوە بین و هەروەها رەتکردنەوەی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ هێزو لایەنەکانی تر، رەتکردنەوەی بنەماکانی دیموکراتی و ئەو بنەمایانەیە کە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دروستبوە، بۆیە ناکرێ وەکو گۆڕان ئەو بنەمایانە پێشێل بکەین."

سەبارەت بەو رەخنانەی کە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت لەسەر رێککەوتنەکە، جەلال جەوهەر رونیکردەوە، بەشێک لەو رەخنانەی لە گۆڕان دەگیرێت هیچ بنەمایەکیان نییە و هەندێک لە رەخنەگرەکانیش لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان تێنەگەیشتون و بڕوایان بە گفتوگۆو دیالۆگ نییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×