مه‌سعود بارزانی و جه‌یمس جێفری تاوتوێی چه‌ند پرسێك ده‌كه‌ن‌
  2019-02-20       1420       

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و وه‌فدێكی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌یمس جیفری، نوێنه‌ری نوێی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كه‌ن. به‌پێی نوسینگه‌ی مه‌سعود بارزانی، جه‌یمس جێفری وتویه‌تی: كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتوترین ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 20ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە وه‌فدێكی حكومەتی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبو لە جه‌یمس جێفری نوێنەری نوێی سەرۆكی ئەمەریكا له‌هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش و سەرۆكی وه‌فدەكە و جۆڵ ڕایبێڕن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمەریكی تایبەت بە سوریا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكەو عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كراو نوێنەری نوێی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش پێزانینی هەبو بۆ به‌ره‌پێشچون و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند سەرباری بونی تەحەددیات و هەڕەشەی زۆر هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتوترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.

 

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سوریاو دوا پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئاییندەی كورد لە سوریا ئاڵوگۆڕ كرا و پەیوەست بەم باسەوە جەخت لە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردولا كرایەوە ئەویش بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕو كاولكاری و هەروەها ڕێگەگرتن لە ئازارو نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سوریا.

 

هەر لەو كۆبونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆسەر ئاسایشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوە دوپاتكرایەوە كە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئیجابی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆر لێ كەوتوەتەوە.

 

بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردولاو پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداو هەروەها پڕۆسەی سیاسی هەرێم تەوەری دیكەی ئەو كۆبونەوەیە بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×