خۆپیشاندەران ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتدەکەنەوە
  2019-12-26       695       

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق، ئەسعەد عیدانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رابسپێرێت و خۆپیشاندەرانیش ئەو كاندیدە رەتدەکەنەوە.

ئاوێنه‌: محەمەد خالیدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دوای کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و وەرگرتنی تێڕوانیان لەبارەی کاندیدکردنی ئەسعەد عیدانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێ، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق ئەسعەد عیدانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رابسپێرێت.

دوێنێ هاوپەیمانێتی بونیاد بە فەرمی کاندیدکردنی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند و هەردوێنێش ئەسعەد عیدانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە خۆپیشاندەرانی شاری بەسڕە لە دژی کاندیدکردنی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری شارەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامداوە و بە سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێلیش ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی کاندیدکردنی ئەسعەد عیدانی دەربڕیوە.

هاوکات لە شاری بەغداش خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەیەکی ئەسعەد عیدانی و لێدانی هێمانی رەتکردنەوە لەسەری، کاندیدکردنی ئەسعەد عیدانیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رەتکردووەتەوە و داوا دەکەن کەسێکی بێ لایەن و دوور لە دەستێوەردانی حزبی پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق وەربگرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×