عەلاوی: یاسای نوێی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی ئەو هێزانەیە كە خاوەنی چەك‌و پارەن'
  2019-12-26       834       

هاوپەیمانی نیشتمانی نیگەرانی خۆی لە تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەدات و دەڵێت، ''لەبەرژەوەندی ئەو هێزانەیە كە خاوەنی چەك‌و پارەن''. 

ئاوێنه‌: هاوپەیمانی نیشتمانی و بزوتنەوەی ویفاقی نیشتمانی عێراقی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ''یاسای نوێی هەڵبژاردن كە بەم دواییە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، هیوای هەڵبژاردنی پێشوەختی لەبار برد''. 

ئاماژەی بەوەشداوە، پشتبەستن بە  سیستمی فرە بازنەیی لەناو یەك پارێزگادا، چارەسەری كێشەكانی تایبەت بە ژمارەی دانیشتوان و سنوری ئیداری و قەزا تازە دروستبووەكانی نەكردووە. 

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، پشتبەستن بە سیستمی سەركەوتنی كاندیدەكان لەناو یەك بازنەدا، وادەكات هەزاران دەنگی كاندیدە دەرنەچووەكان بفەوتێت و نەچێت بۆ لیستەكانیان. 

هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو، سوربوون لەسەر كاركردن بە سیستمی ئەلیكترۆنی دەنگدان لەبری كارتی بایۆمەتری، ئاماژەیەكی روونە بۆ هەبوونی نیازی یاریكردن بە ئیرادەی دەنكگدەران. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×