عێراق لە مانگی ڕابردودا زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە
  2019-12-26       441       
عێراق لە مانگی ڕابردودا زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و، داهاتەكەشی زیاتر شەش ملیار دۆلار بووە.

ئاوێنه‌: عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕایگەیاند لە مانگی تشرینی دووەمدا 105 ملیۆن و 14 هەزار و 747 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، داهاتەكەیشی شەش ملیار و 304 ملیۆن و 928 هەزار دۆلار بووە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، تێكڕای نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت 60 دۆلار و 39 سەنت بووە. سەرجەم نەوتی هەناردەكراوی عێراقیش لەلایەن 35 كۆمپانیاوە لە بەندەری بەسرە و بەندەری جەیهانی توركییەوە گواستراونەتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات زیاتر  102 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوە و، داهاتەكەی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.

هەروەها لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكیش زیاتر لە دوو ملیۆن و 381 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، كە داهاتەكەی 140 ملیۆن و 663 هەزار دۆلار بووە.

لە كێڵگە نەوتییەكانی گەیارە و سموودیشەوە، زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت هنادرە كراوە و، داهاتەكەی زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار بووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×