سەرۆک کۆماری عێڕاق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمان کرد
  2019-12-26       1604       

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە نووسراوێکدا کە پێشکەشی پەرلەمانی کردووە. ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەربڕی.

ئاوێنه‌: له‌ نووسراوی ره‌سمی سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا، له‌ باره‌ی راسپاردنی ئه‌سعه‌د عیدانی، هاتووه‌: له‌گه‌ڵ هه‌موو رێز و پێزانینێك بۆ به‌ڕێز ئه‌سعه‌د عیدانی، به‌ داوای لێبوردنه‌وه‌ وه‌ك كاندیدی كوتله‌ی ئه‌لبینا بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدی ناكه‌ین.
 
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریش نووسیویەتی، هیچ خێرێک لە پۆستێکدا نییە کە سوودی بۆ گەل نەبێت، هەربۆیە ئامادەییم بۆ دەستلەکارکێشانەوە دەخەمە بەردەست ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژێر رۆشنایی بەرپرسیارێتیان وەک نوێنەری گەل بڕیار بدەن کە چی گونجاوە. بە دڵنیایەوە، هیچ چاکەیەک لەوەدا نییە لە پێگە و پۆستێکدا بیت کە سوودی بۆ بەرژەوەندی گەل نەبێت

سەرۆك كۆماری عێراق لەنامەكەیدا ئاماژەی بە هەوڵەكانی كردوە بۆ چارەسەركردنی دۆخی عێراق و باسی لەو كۆبونەوانە كردوە كە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان و چینە دەستەبژێرەكان ئەنجامیداوە و تیایدا داوایلێكراوە سەرۆك وەزیران لەسەر چەند بنەمایەك دیاریی بكات كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی گەل بێت.

 

دەقی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەنجومەنی نوێنەران: 


بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سڵاوی خواتان لیبێت
نووسراوەکەتانمان بەدەست گەیشت بە ژمارە (١٣٦٠) لە ٢٣/١٢/٢٠١٩ لەبارەی دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ، بەوپێیەی کوتلەی "بینا" وەک گەورەترین کوتلە دەستنیشانکراوە ، هەروەک نووسراومان لە کوتلەی "بینا"وە بەدەست گەیشتووە کە تێیدا بەڕێز ئەسعەد عەبدولرەحمان عیدانیان وەک پاڵێوراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کردووە .
لەگەڵ پابەند بوونمان بە دەقە دەستوورییەکان کە ماوەیەکی کاتی بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت دیاریکردووە ، دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیمان لەو دۆخە هەستیارەدا ، وەلەژێر سایەی ئەو دۆخە نوێیەی کە جوڵانەوەی نارەزایەتی گەلەکەمان سەپاندوویەتی پێویستی دەکات لەسەرمان پێش ئەوەی سەیری ئیعتیباراتە سیاسی و کەسییەکان بکەین چاومان لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییە باڵاکان بێت، ئەو بەرژەوەندیانەی لەکاتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار سوێندمان لەسەری خواردووە کە بیپارێزین و بەرگریان لێبکەین .
ئەمرۆ بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانی دەکەوێتە سەرشانی سەرۆک بەوەی پشتیوانی لەیەکتێگەیشتنەکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیری داهاتوو بکات ، کە بەرژەوەندییەکان وادەخوازن فاکتەری هێورکردنەوەی دۆخەکە بن و وەڵامدەرەوەی خواستی گەلی عێرایش بێت کە ئەو سەرچاوەی رەوایەتی هەموو دەسەڵاتەکانە . بۆ ئەوەش زنجیرەیەک راوێژم لەگەڵ هێزە پەرلەمانی و سیاسییەکان لەلایەک چالاکییە گەنجانییەکان و سەندیکا و پیاوانی ئاینی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان کرد لەبارەی تایبەتمەندییەکان و ئەو مەرجانەی پێویستە لە سەرۆکی داهاتووی حکوومەتدا هەبێت .
لەسەر بنەمای هەموو ئەمانە بەرپرسیارێتی سەرۆک کۆمار بەرانبەر بە گەلەکەی و بەرپرسایارێتییە نیشتیمانییەکەی بەرانبەر بە ئارامی و سەقامگیری وڵات لەبەرچاوگیراوە ، هەربۆیە لەڕوانگەی پەرۆشیم بۆ ڕێگریکردن لە رشتنی خوێن و پاراستنی ئاشتی وڵات ، لەگەڵ بوونی ڕێز و پێزانینمان بۆ بەڕیز ئەسعەد عیدانی ، بەڵام ناتوانین وەک پاڵێواری کوتلەی "بینا " بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو رایبسپێرین ، بەشێوەیەک چەند جارێک بەنووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمار لەبارەی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییەوە دوێنراوین کە هەندێکیان دژبەریان لەگەڵ هەندێکی تریان  هەبووە .
هەربۆیە لەچوارچێوەی ئەرکماندا کە پێویستی کردووە دەستوور بپارێزم و بەرگری لێبکەم دەبێت ئاماژە بە ماددەی ٦٧ی دەستوور بکەم کە سەرۆککۆماری پابەند کردووە پارێزگاری لەسەربەخۆیی عێراق و سەروەرییەکەی و یەکێتی و سەلامەتی خاکەکەی بکات  ، هەروەک ماددە ٧٦ کە سەرۆککۆمار پابەند کردووە بەوەی پاڵێوراوی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت بێئەوەی مافی پەڵپگرتنی هەبێت .هەربۆیە ئەو هەڵویستە خۆپارێزییە بۆ دژ بە پاڵێوراوی ئێستا پێچەوانەی دەقێکی دەستوورییە ، هەربۆیە ئامادەم دەستلەکارکێشانەوەکەم لەپۆستی سەرۆک کۆمار بخەمە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ، بۆئەوەی ئەوانیش لەژێر رۆشنایی بەرپرسیارێتیان وەک نوێنەری گەل چی بەگونجاو دەزانن بریار لەوە بدەن .گومانمان لەوە نییە خێر لە پۆستێکدا نییە کە لەبەرژەوەندی خەڵک و پاراستنی مافەکانیان دا نەبێت .
من لێرەوە جەخت دەکەمەوە کە ململانێی سیاسی و پەرلەمانی بەردەوام دەبێت دەربڕی ئیرادەی گشتی گەل و پێدوایستییەکانی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی فەرمانڕەواییەکی چاک و  ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و قوربانییدانەکانیاندا بێت .
لێرەدا قسەیەکی ئیمام عەلی (رەزای خوای لێبێت ) دەهێنمەوە کە دەڵێت " رحم الله امر‌وًا أحیا حقًا وأمات باگلاً ودحچ الجور وأقام العدل" ،خۆی دادگەری داواکراو و مەبەستی حوکمرانییە و ئامانجی کۆتایی دەستوور و پێگەی بەرپرسیارێتییە فەرمی و سیادییەکانە ، جگە لەوەی ئەوە مافی بەدەستهاتووی رۆڵەکانی گەلەکەمانە دوای ئەو هەموو قوربانییەی رۆڵەکانی گەلەکەمان لەپێناوی پاراستنی نیشتیمان و مافەکانی هاونیشتیمانیان داویانە .
رەحمەت و نەمری بۆ شەهیدانی عێراق ، ئاشتی و ئاسایش و سەربەرزیش بۆ گەلی عێراق

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×