سائیرون: دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك كۆمار رەتدەكەینەوە
  2019-12-26       987       

ئەمجەد عوقابی، پەرلەمانتاری كوتلەی سائیرون ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند كە ئەوان دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پەسەندناكەن و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە كوتلەكەیان پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ رەتكردنەوەی راسپاردنی كەسایەتییەكی حزبیی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

ئاوێنە: ئەمجەد عوقابی لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی "سومەریەنیوز"ی راگەیاند"ئێمە پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق دەكەین بۆ بەرگریكردن لە داخوازی جەماوەر و هەروەها هەڵوێستی ئەو بۆ رەچاونەكردنی خواستی ئەو هێزانەی كە دەیانەوێت كاندیدێكی حزبی بسەپێنن بەرزدەنرخێنین."

ئەو پەرلەمانتارەی سائیرون وتی"كوتلەكەمان بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی لە سەرۆك كۆمار دەكات و رێگە نادەین بە دەستلەكاركێشانەوەی چونكە هەڵوێستەكەی دەربڕی داخوازی جەماوەرەو پشتیوانیكردنە لە مافەكانی جەماوەر و دورخستنەوەی حزبییەكان و بەدیهێنانی داخوازییەكانی خەڵك."

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی كە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها رەتیشیكردەوە كە كاندیدی هاوپەیمانی بونیاد، ئەسعەد عیدانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتو رابسپێرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×