ئیئتیلافەكەی عەلاوی: ئێستا كاتی ئەوەیە بەرهەم ساڵح حكومەتێكی بچوككراوە پێكبهێنێت
  2019-12-26       2711       

ئیئتیلافی وەتەنیە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رەتدەكەنەوەو ئێستا كاتی ئەوەیە بەرهەم ساڵح حكومەتێكی بچوككراوە بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان پێكبهێنێت.

ئاوێنە: ئیئتیلافی وەتەنیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەكاتێكدا كە چاوەڕوان بوین ئەو هێزە سیاسییە سەرەكیانەی كە بەرپرسن لە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەشداربن لە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران و پێشكەشكردنی بە سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی دەرچەیەكی گونجاو بۆ قەیرانی ئێستا بدۆزرێتەوە، توشی شۆك بوین كاتێك ئەو هێزانە جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ پێشێلكردنی دەستور لەڕێگەی سوربونیان لەسەر ئەوەی كە ئەوان نوێنەرایەتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەكەن لەكاتێكدا ئەوە لە كۆبونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا تۆمارنەكراوە.

ئیئتیلافی وەتەنیە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو هێزانە لەبری ئەوەی بابەتەكە بۆ سەرۆك كۆمار بەجێبهێڵن تا دەست بە گفتوگۆ بكات بۆ ئاوێتەكردنی بۆچونی سەرجەم هێزە سیاسییەكان تا بگەنە یەك بۆچونی یەكگرتو لەسەر كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتو، كەچی گوشاریان لەسەر سەرۆك كۆمار دروستكرد تا كاندیدەكەی ئەوان قبوڵ بكات بەبێ ئەوەی رەچاوی داواكاریی خۆپیشاندەران و داخوازیی سەندیكاو كۆمەڵەكان بكەن كە بۆچونێكی دیكەیان لەسەر كاندیدەكەی ئەوان هەبو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەگەڵ شكستی ئەو هێزانە بۆ پێشكەشكردنی كاندیدێك كە جێی خواستی خۆپیشاندەران بێت، پێمانوایە ئێستا كاتی ئەوەیە بەرهەم ساڵح بەهەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان حكومەتێكی بچوككراوە پێكبهێنێت و كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن دروست بكرێت بەپێی یاسایەكی نوێی دادپەروەریی هەڵبژاردن، بەشێوەیەك كە ئەركی ئەو حكومەتە ساڵێكی تەواو تێپەڕنەكات.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئیئتیلافەكەی عەلاوی هەڵوێستەكەی سەرۆك كۆماریی بۆ لایەنگری لە بژاردەی گەل وێڕای گوشارە زۆرەكانی سەری بەرز نرخاندوەو وتوشیەتی، دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك كۆمار بەتەواوەتی رەتدەكەینەوەو داوای لێدەكەین رۆڵی خۆی بەگوێرەی پێداویستییە دەستورییەكان و داخوازیی خەڵك بگێڕێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×