هاوپەیمانی بونیادنان داوا لەپەرلەمان دەكات رێكاری یاسایی دژبە سەرۆك كۆمار بگرێتەبەر
  2019-12-26       1372       

هاوپەیمانی بونیادنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بە رەتكردنەوەی راسپاردنی ئەسعەد عیدانی، كاندیدی هاوپەیمانییەكە بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتو، پێشێلی دەستوری كردوەو داواش لە پەرلەمانی عێراق دەكات رێكاری یاسایی دژ بە بەرهەم ساڵح بگرێتەبەر.

ئاوێنە: هاوپەیمانی بونیادنان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەر لە رۆژی یەكەمی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی رابردو، پێداگربوین لەسەر رێككەوتن و سازان لەپێناو پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دوركەوتنەوە لە رودانی قەیران و كێشەگەلێك كە خۆشی و شادی عێراقییەكان لە سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعشدا، تێكبدات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بۆ پشتیوانیكردنی ئەو سازان و رێككەوتنە، بێدەنگیمان لە ئیستحقاقی خۆمان كرد كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییەو ئەوەمان لەدانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا لە رۆژی 16/9/2019دا تۆماركردوە و عادل عەبدولمەهدی-مان لەگەڵ كوتلەی سائیرون و بەڕەزامەندی كوتلەكانی دیكە كاندیدكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران و دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانیش هەر سوربوین لەسەر گرتنەبەری ئەو میكانیزمە بۆ دیاریكردنی كاندیدی جێگرەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

هاوپەیمانی بونیادنان وتوشیەتی"بەڵام پەنابەردنی سەرۆك كۆمار بۆ سیاسەتی كوشتنی كات و ناردنی نامە بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن و پابەندنەبونی بە ماوە دەستورییەكانەوە وایكرد بەڵگەی سەلمێنەری حاشاهەڵنەگر پێشكەش بكەین كە ئێمە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین كە پشتمان پێبەست بۆ پێشكەشكردنی كاندیدی خۆمان بە سەرۆك كۆمار و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنیدا رایبسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام توشی سەرسوڕمان بوین لەوەی كە سەرۆك كۆمار سوربو لەسەر پێشێلكردنی دەستور و رانەسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە بەپاساوی رەتكردنەوەی كاندیدەكە لەلایەن هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەگەڵ ئەوەی پابەندبونی تەواوی خۆمان بە چوارچێوە دەستورییەكانەوە دوپاتدەكەینەوە كە مەرجەعیەتی باڵای ئایینیش جەختی لەسەر كردۆتەوە، بەهەمو شێوەیەك هەر پاساوێك یاخود كردەیەكی پێشێلكردنی دەستور رەتدەكەینەوە، پێشێلكردنی دەستوریش لەلایەن لایەنێكەوە كە دەبێت پارێزەری بێت بە واتای پاڵنانە بە وڵاتەوە بۆ نێو ئاژاوە كە ئەوەش تەنها خزمەتی لایەنە بیانییەكان دەكات."

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشێلی دەستورو رەتكردنەوەی راسپاردنی سەرۆك وەزیران بەپێی چوارچێوە دەستورییەكان ئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە كە ناكۆكە لەگەڵ داخوازی خۆپیشاندەران و سەرجەم جەماوەر لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بۆ دەستكردن بە پرۆسەی جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.

جەختیشی كردۆتەوە كە "پەرلەمانی عێراق دەبێت رێكاری یاسایی دژ بە سەرۆك كۆمار بگرێتەبەر لەپای ئەوەی سوێندی یاسایی شكاندوەو دەستوری پێشێل كردوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×