قەیس خەزعەلی: بیانووەکانی بەرهەم ساڵح نابەجێن
  2019-12-27       1975       
قەیس خەزعەلی
قەیس خەزعەلی ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عەسائیبی‌ ئەهلی‌ حەق پێیوایه‌ كه‌ بیانووەکانی بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆمار بۆ ڕەتکردنەوەی كاندیدی فراکسیۆنی بنیادنان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، نابەجێبون.

ئاوێنه‌: لەدیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (مەیادین)، قەیس خەزعەلی باسی‌ له‌پرسی‌ دیاریكردنی‌ كاندیدی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و ئاماده‌یی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كردو ڕایگه‌یاند، "بیانووەکانی بەرهەم ساڵح بۆڕەتکردنەوەی كاندیدی فراکسیۆنی بنیادنان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق نابەجێبون".

وتیشی، "ئەو هەڵویستەی سەرۆک کۆمار ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی دۆخی عێراق زیاتر ئاڵۆزتر بێت‌و وڵات بەرەوە هەڵدێر بڕوات".

به‌بۆچونی‌ ناوبراو، سەرۆک کۆمار دەبێت بێلایەن بێت، ڕەتکردنەوەی كاندیدی گەورەترین فراکسیۆن  لەلایەن ئەوەوە ئەو دەگەیەنێت کە ئەو بێلایەن نییە، "ڕانەسپاردنی عیدانی کاندیدی فراکسیۆنی بنیادنان لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر سەروەری‌و یەکپارچەیی خاکی عێراق".

له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌وه‌، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ عەسائیبی‌ ئەهلی‌ حەق وتی‌، ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن لەم دۆخە ناسەقامگیرەدا شەڕی‌ ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە، "لەئێستادا دۆخی ئەمنی‌و سیاسی عێراق نالەبارە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×