په‌رله‌مانتارێكی فه‌تح: کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن هاوپەیمانی بنیاتنان پێشنیاز دەکرێت
  2019-12-29       919       

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی فەتح رایگەیاند، هاوپەیمانی بنیاتنان تۆفیق یاسری بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشیازکردوە، جەختیشدەکاتەوە لەسەر ئەو پرسە ئەوان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق.

ئاوێنه‌: ئەحمەد کینانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی فەتح کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی بنیاتنان بە کەناڵی ''الاخباریه‌''ی رایگەیاندوە، ''مەرجەکانی ئێمە و شەقام لەسەر تایبەتمەندییەکانی سەرۆک وەزیران لە یەکترییەوە نزیکن و ناکرێت حکومەتی ئێستا بەو شێوەیە بەردوام بێت، چونکە باوەڕی شەقامی لەدەستداوە''.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ''تۆفیق یاسری یەکێکە لە پێشنیازەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەڵام تا ئێستا رێککەوتی لەسەر نەکراوە، یاسری کەسێکە بەشێک لە تایبەتمەندییە داواکراوەکانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەو بەدی دەکرێت''.

لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانی بنیاتنان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر ئەو پرسە، ئەو پەرلەمانتارە رونیدەکاتەوە، ''تائێستا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراقدا گفتوگۆ نەکراوە، بەڵام دانیشتن و کۆبونەوەکان بەردەوامن و ئەوان لە پەیوەندیدا بەردەوامدان لەگەڵ سەرۆک کۆمار چونکە ئێمە لە شەڕدا نین لەگەڵ یەکتری، بەڵکو تەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تێڕوانینمان جیاوازە''.

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە لەو نامەیەدا كە پێشكەشی پەرلەمانی عێراقی كردوە،  بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق له‌ باره‌ی راسپاردنی ئه‌سعه‌د عیدانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، ''له‌گه‌ڵ ئەوپەڕی رێز و پێزانین بۆ به‌ڕێز ئه‌سعه‌د عیدانی، به‌ داوای لێبوردنه‌وه‌ وه‌ك كاندیدی كوتله‌ی ئه‌لبینا‌و بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدی ناكه‌ین''.

تۆفیق یاسری سەرکردەیەکی سەربازی و  سیاسی عێراقە و لە دایکبوی شاری دیوانیەیە، ساڵی ٢٠٠٤  ئەندامی لیژنەی بەرگری ئەنجومەنی کاتی عێراق بوە و دواتر بوەتە بەرپرسی هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری بەغدا، ساڵی ٢٠١١ کاندید بوە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەردەمی حکومەتی نوری مالیکیدا، بەڵام ئەو پۆستەی پێ نەسپێردرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×