بەهای كاڵای هاوردە لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بۆ هەرێم و عێراق 49 ملیار دۆلار بوە
  2019-12-29       1009       

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھاوردەو ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی نۆ مانگی ساڵی 2019دا بە بەهای نزیكەی 49 ملیار دۆلار كاڵا هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و رەتیشیكردەوە هیچ بەرهەمێكی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەناردە کرابێت.

ئاوێنە: گەیلان حاجی سەعید، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ قەبارەی هاوردەکردن بۆ عێراق بەگشتی چوار ملیار دۆلار زیادیکردوە بەڵام بەهای كاڵای هاوردەكراوی هەرێمی كوردستان كەمی كردوە.

گەیلان حاجی سەعید وتی"ئەو وڵاتانەی کاڵایان لێ ھاوردە دەکەین ۹٦ وڵاتە و کۆی گشتی کاڵای ھاوردەکراویش بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی ساڵی ۲۰۱۹دا، ٤۸ ملیار و ۹۷۰ ملیۆن دۆلار بوە و بەراورد بە ساڵی ۲۰۱۸، چوار ملیار دۆلار کاڵای ھاوردەکراو زیادیکردوە چونکە لە ۲۰۱۸ بە ٤٥ ملیار و ٥٦۷ ملیۆن دۆلار کاڵا ھاوردە کراوە، ئەم بڕە پارەیەش جگە لە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و گاز کە لە وڵاتی ئێران هاوردە کراوە، دو ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار کاڵا ھاوردە کراوە."

گەیلان حاجی سەعید ئەوەشی خستەڕو"لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۸دا بە بەهای ۲٦ ملیار و ۸۸۱ ملیۆن دۆلار ھاوردەکردنی کاڵا ھەبوە، بەڵام رێژەکە لە ۲۰۱۹ دابەزیوە بۆ ۲۰ ملیار و ۹۲٦ ملیۆن دۆلار، ھۆکاری دابەزینی رێژەی ھاوردەکردنیش بەرێژەی سەدا ٢٢ لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەھۆکاری یەکخستنی پێناسی گومرکی بوە کە لە سنورەکانی عێراق جێبەجێ نەدەکرا ئەمەش وایکرد ھاوردەکردنی کاڵا لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە، ھەرچەندە لەدوای مانگی ئەیلول ھاوردەکردن لە سنورەکانی ھەرێم زیادیکردەوە بەھۆی پشێویەکانی عێراق و داخستنی بەشێک لە سنورەکانی عێراق یان بازرگانەکان لەبەر نیگەرانییەکان، سنورەکانی ئێمە بەکاردەهێنن لەبری سنورەکانی عێراق، بەڵام ئەمەیش شتێکی کاتییە."

گەیلان حاجی سەعید لەبارەی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵای لێ هاوردە دەکرێت وتی"بە پلەی یەکەم تورکیا و ئێران کاڵایان لێ ھاوردە دەکرێت، لەدوای ئەوانیش وڵاتی چین دێت کە لە نۆ مانگی رابردودا بە بەهای پێنج ملیار دۆلار کاڵای لێ ھاوردەکراوە."

سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە رەتیکردەوە کە هیچ بەرهەمێکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەناردە کرابێت و راشیگەیاند کە هەندێک پاشماوەی کاغەز و پلاستیک هەناردە دەکرێت، بەڵام ئەمە ناچێتە چوارچێوەی هەناردەکردن.

گەیلان حاجی سەعید وتیشی"لە ساڵی ۲۰۱۹دا بە بەهای یەک ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار زێڕ لە ئیماڕات ھاوردەی عێراق کراوە، بە بەهای یەک ملیار و ۲۰۰ ملیۆن دۆلاریش زێڕی شکاو ھەناردەی تورکیا کراوە، لەم رێژەیەش بە بەهای ٤۸۰ ملیۆن دۆلار زێڕ لە ھەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە کراوە."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×