كۆنگرەی یەكگرتو: ئەوانەی خوازیاری نوێبونەوە بون شكستیان هێنا
  2019-12-30       1902       

ئا: ئاوێنە


لەكۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستاندا بەزۆرینەی دەنگ جارێكیتر سەڵاحەدین بەهائەدین بەئەمینداری گشتی یەكگرتو هەڵبژێردرایەوە، بۆ جاری دوەمیش ئەبوبەكر عەلی ركەبەری شكستی هێنا، سەڵاحەدین بەهائەدین‌و ئەبوبەكر عەلی رەمزی دو هێَڵی بیركردنەوەو گوزارشت لەدو بۆچونی جیاواز سەبارەت بەئایندەی یەكگرتو دەكەن. شكستی ئەبوبەكر عەلی كە له‌ناو یه‌كگرتودا به‌نه‌فه‌سی رەخنەو نوێبونه‌وه‌ كاری‌ ده‌كرد، سه‌لماندی‌ هێشتا ئه‌و نه‌فه‌سه‌ ره‌خنه‌ییه‌‌و ئه‌و باڵه‌ی‌ داوای‌ نوێبونه‌وه‌‌و به‌خۆداچونه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌كات‌،‌ هێزێكی‌ ئه‌وتۆ نین بتوانن پۆستی ئەمینداریی‌و زۆرینەی سەركردایەتی یەكگرتو بەدەستبهێنن، به‌ڵكو هێشتا باڵه‌ ته‌قلیدی‌و موحافیزكاره‌كه‌ باڵاده‌ستن.



هێشتا كۆنگرەی یەكگرتوو دەستی پێنەكردبو كە ململانێی نێوان بیرو بۆچون‌و كاندیدە جیاوازەكان‌و هەوادارییان توندتر دەبۆوە، زۆرێك لەو كەسایەتییانەی ناو یەكگرتو كە خوازیاری نەهاتنەدەری ئەم رێكخراوە ئیسلامییە لەفۆرمە تەقلیدییەكەی بون لەڕوی كارو فكرییەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ م.سەڵاحەدین بەهادین راگەیاند‌و تەنانەت یەكێك لەكاندیدە دیارەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمینداریی، هیوای مەلا سابیر لەبەرژەوەندی م.سەڵاحەدین لەململانێكە كشایەوە.


لەبەرامبەریشدا هەمو ئەوانەی خوازیاری زەمینەسازی كردن بون بۆ ئەوەی یەكگرتو بخرێتە قۆناغێكی نوێوەو نوێ‌ بێتەوە، پشتیوانیان لەئەبوبەكر عەلی كرد، كە دیارترینیان ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتو بو. هەڵەدنی بانگەشەی بۆ ئەوە كرد سەركەوتنی ئەبوبەكر عەلی "ئەو هەنگاوەیە كە تۆزو غوباری هەڵنیشتوی سەر جەستەی ماندوی یەکگرتوەکەمان دەتەكێنێت"، هەڵەدنی راشیگەیاند كە "ئەرکی ئەم قۆناغەمان ئەوەیە پشتیوانی سەرخستنی پڕۆژی نوێبونەوەی یەکگرتو بین ئەویش بەئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەو مەدەنیانەی پۆست‌و جێگەکان".


بەڵام لەیەكەم رۆژی كۆنگرەی یەكگرتودا دەركەوت كە ئەوانەی خوازیاری مانەوەی ئەم رێكخراوەن لەفۆرمە تەقلیدییەكەدیدا كە سەڵاحەدین بەهائەدین نوێنەرایەتی دەكات، هێشتا زۆرینەن‌و تەنانەت بەشێكیان بۆ شكاندنی ئەبوبەكر عەلی ركەبەریان یاخود لێدان لەبۆچونێكی دیاریكراو، بەر لەسازكردنی كۆنگرەكە پەنایان بردە بەر جۆرێك لەپڕوپاگەندەكردن بۆ شێواندنی پەیامەكەی ئەبوبەكر عەلی كە "هەستانەوەو نوێبونەوە"ی یەكگرتو بو.


ئەبوبەكر عەلی كە تەمەنی 54 ساڵەو خەڵكی سلێمانییە، نوسەرو یاساناس‌و وەزیری پێشوی حكومەتی هەرێم‌و ماوەی 10 ساڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتو بوە، ئەمە دوەم كۆنگرەیە كە دەیەوێ‌ گۆڕینی سەڵاحەدین بەهائەدینی ئەمینداریی گشتیی بكات بەسەرەتای گۆڕانكارییەكی گەورە‌و یەكگرتو بچێتە قۆناغێكی دیكەوە.


ئەبوبەكر عەلی چەندینجار رایگەیاندوە كە جەوهەری پڕۆژەكەی ئەوەیە دەعوەو وەعزو كاری حزبی كە ئێستا تێكەڵاوە، لەقۆناغێكی راگوزەردا لەیەكتر جیابكاتەوە، دەیەوێ‌ كاری وەعزو دەعوەیی بخرێتە چوارچێوەی كاری كۆمەڵگاكانی مەدەنییەوە، بناغە بۆ حزبێكی مەدەنی هاوچەرخی پاشخان ئیسلامی دامەزرێت، خەڵك لەسەر بناغەی  پڕۆژەیەكی سیاسی لەحزبەكەدا بێت‌و كار بكات بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی دادپەروەرو دیموكرات‌و جێگەی خەڵكی جۆراوجۆری تیابێتەوە‌و حزبێكی مەدەنی‌و هاوچەرخی پاشخان ئیسلامی كاراو كاریگەر بێت.


ئەبوبەكر كە خوازیاری زیاتر رەگداكوتانی ئیسلامی میانەڕەوو دوركەوتنەوەیە لەئیسلامی توندڕەوو سەلەفی، پێیوایە سەرچاوەی فكری یەكگرتوی ئیسلامی پێویستە پێش ئەوەی لەئیخوانەكانەوە بێت، لەهەناوی كۆمەڵگەی كوردەوارییەوە خۆیەوە بێتەدەرو درێژە بەو میراتییە فكرییە ئیسلامییە بدات كە كەسانی وەك سەعیدی نەورەسی‌و چەندین گەورە پیاوی کورد باوەڕیان پێبوە.


ئەم نوسەرە كە پێدەچێت سەرسام بێت بەبزاڤی نەهزەی تونسی‌و راشد غەنوشی، خوازیاری ئەوەیە هاوشێوەی ئەوان كە بزاڤەكەیان كردە حزبێكی سیاسی راستەقینەو وازیان لەچالاكی دەعوەیی هێناو ئەم كارەیان بۆ رێكخراوە مەدەنیەكانیان بەجێهێشت‌و ناوی رێكخراوەكەشیان لە"بزاڤ - حەرەكە"وە گۆڕی بۆ حزب، ئەم هەنگاوەشیان رەوتكردن بو لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و جیهان. بۆ دەرخستنی هەرچی زیاتری مەدەنیەتی حزبەكەشیان تەنانەت چەندین ژنی نامحەجەبەشیان بۆ پەرلەمان پاڵاوت.


لەدیدی ئەبوبەكر عەلییەوە دنیا دەگۆڕێت بەڵام یەكگرتو لەناوەوە پێ‌ بەپێی ئەو گۆڕانكاریانە ناگۆڕێت، نوێ‌ نابێتەوەو خەمی نوێبونەوە نەبوەتە خەمی زۆرینەی ئەندامانی ئەم رێكخراوەو سەڕەرای پاشەكشەكانی لەئاستی رێكخستن‌و پێگەی جەماوەریی‌و هەڵبژاردنیشدا هێشتا سەركردایەتی‌و بنكردایەتییەكەی وەك پێویست بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن‌و هەنگاو بەو ئاڕاستەیەدا نانرێت كە یەكگرتو لەرێكخراوێكی داخراوەوە ببێت بەحزبێكی كراوە‌و زەمینەسازی بۆ هەستانەوەو نوێبونەوە بكات.


هێزێكی‌ وه‌ك یه‌كگرتوو كه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت، سەرەنجام دەردەكەوێت كە كۆنگره‌ له‌پێناوی‌ كۆنگره‌‌دایه‌، ئەگەرنا بەستنی كۆنگرە بەبێ‌ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لەهەناوی ئەم رێكخراوەو لەسەر ئاستی سەركردایەتی‌و لە‌سیاسه‌تی‌ ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌یدا چ مانایەك دەبەخشێت؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×