كۆشكی سپی: ئەمریكا 200 سەربازی خۆی لەسوریا دەهێڵێتەوە
  2019-02-22       921       

كۆشكی سپی رایگەیاند؛ وڵاتەكەی 200 سەربازی ئەمریكی لە سوریا بۆ ماوەیەك دەهێڵێتەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاشتی لەو وڵاتە.

ئاوێنە: سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی لەبەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند؛ گروپێكی بچوك لەهێزەكانیان لە سوریا بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی لەو وڵاتە دەهێڵنەوە.
سارە ساندەرز ئاشكرایكردوە كە ئەو گروپە بچوكەكەی دەیهێڵنەوە نزیكەی 200 سەرباز دەبن و بۆ ماوەیەك لەسوریا دەبن.

بڕیاری هێشتنەوەی ئەو 200 سەربازەی ئەمریكا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترامپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هات.

بەیاننامەكەی كۆشكی سپی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ترامپ و ئەردۆغان لەپەیوەست بە سوریاوە رێككەوتن لەسەر بەردەوامبونی هەماهەنگی نێوانیان لەبارەی ئەگەری دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری دا بە كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسوریا كە نزیكەی دو هەزار سەرباز دەبن.
بەڵام ئەو بڕیارەی ترامپ روبەڕوی رەخنەی زۆر بوەوە لەلایەن راوێژكارەكانیانەوەو داوای هەمواركردنی بڕیارەكەیان كرد بە جۆرێك كە گەرەنتی پاراستنی هێزە كوردییەكان بدات كە وەك هاوبەشی ئەمریكا دژ بە داعش لەسوریا جەنگاون و ئێستا رەنگە بكەونە بەر هەڕەشەی توركیا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×