فەرماندەیەكی هەسەدە: هیچ دیلێكی داعشمان رادەستی عێراق نەكردوە
  2019-02-22       671       

فەرماندەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، هەواڵی رادەستكردنی 150 دیلی داعش لەلایەن ھێزەكانیانەوە بە عێراق رەتدەكاتەوە. دەشڵێت؛ تەقینەوەكەی دوێنێی ناوچەی "شحێل" لەدێرەزور بە ئامانجی كەمكردنەوەی ئەو گوشارە سەربازییە كە لەسەر پاشماوەكانی داعش لە باغۆز هەیە.

ئاوێنە: عەدنان عەفرین، فەرماندەی هەسەدە لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بەدواین پەرەسەندنەكانی شەڕی دژ بە داعش لە باغۆز رایگەیاندوە كە هێزەكانیان لەشەڕی دوا مۆڵگەی داعشدا لەسەرخۆ پێشڕەوی دەكەن تا ئەو كاتەی كە ئەو ناوچە بەرتەسكەی لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا ماوە بەتەواوی چۆڵدەكرێت لە كەسانی مەدەنی.

وتوشیەتی"دوای تەواوكردنی پڕۆسەی دەربازكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەست دەكەین بە شەڕی یەكلاكەرەوە بۆ كۆتاییهێنانی داعش لەڕوی سەربازییەوە لەرۆژهەڵاتی سوریا."

هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاند پێشتر هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە هەسەدە 150 دیلی داعشی رادەستی سوپای عێراق كردوە كە لەنێویاندا 13 دیلی فەرەنسی هەبون ئەوەش دوای رێككەوتنی نێوان هەسەدەو سوپای عێراق.

عەدنان عەفرین ئەو هەواڵەی بەدرۆخستۆتەوەو رەتیكردۆتەوە هیچ دیلێكی داعشیان رادەستی عێراق كردبێت و وتویەتی"هەواڵی رێككەوتنی نێوان سوپای عێراق و هەسەدە بۆ رادەستكردنی داعشە عێراقییەكان رەتدەكەینەوە، هیچ گفتوگۆیەك لەبارەی رێككەوتنێكی لەو جۆرە نەكراوە، ئەگەر بەشێوەیەكی رەسمی داوایەكی وامان لێكرا لەڕێگەی نوسینگەی پەیوەندییە سەربازییە گشتییەكانی هەسەدەوە رایدەگەیەنین."

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەناوچەی شحێل لەپارێزگای دێرەزور كاروانێكی ئۆتۆمبێلی كارمەندانی نەوتی ناوچەكەو هەسەدەی كردە ئامانج كە بەپێی روانگەی سوری لەو تەقینەوەیەدا 20 كەس كوژراون كە شەشیان لە هێزەكانی شەڕڤانانن. بەڵام ئاژانسی هاوار نیوز كە نزیكە لە یەپەگە تەنها هێمای بە كوژرانی 15 كەسی مەدەنی كردبو.

فەرماندەكەی هەسەدە لەبارەی تەقینەوەكەوە باسی لەوە كردوە كە ئامانجی سەرەكی ئەو جۆرە كردەوانە كەمكردنەوەی ئەو گوشارە سەربازییەیە كە لە باغۆز لەسەر چەكدارانی داعش هەیە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە شانە نوستوەكانی داعش لە نەتەوە جیاجیاكان بونیان هەیەو كردەوەی تیرۆریستی لەنێو خەڵكی مەدەنیدا ئەنجام دەدەن و لەناوبردنی ئەو شانە نوستوانەش تەنها ئەركی هەسەدە نییە، بەڵكو بەپلەی یەكەم ئەركەكە دەكەوێتە سەرشانی هاوڵاتیان كە هاوكاری شەڕڤانان بن لەپێدانی زانیاریداو هەروەها بەپلەی دوەمیش دەكەوێتە سەر وڵاتانی جیهان چونكە ئەو داعشانەی لەو وڵاتانەوە هاتون چونكە ئەو داعشانە بەو رێگایانەی هاتونەتە سوریا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان و لەوێش كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×