ئیدارەی خۆسەریی پێشوازی لەبڕیاری هێشتنەوەی سەربازانی ئەمریكا دەكات
  2019-02-22       1415       
عەبدولكەریم عومەر، هاوسەرۆكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی دیموكراتی لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا

ئیدارەی خۆسەریی دیموكراتی لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا پێشوازی لەبڕیارەكەی ئەمریكا دەكات بۆ هێشتنەوەی 200 سەربازی ئەو وڵاتە لەسوریا دوای كشانەوەی هێزەكانیان. دەشڵێت؛ ئەو بڕیارە ناوچەكەیان دەپارێزێت.

ئاوێنە: عەبدولكەریم عومەر، هاوسەرۆكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی دیموكراتی لەباكورو رۆژهەڵاتی سوریا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە"بڕیارەكەی كۆشكی سپی بۆ هێشتنەوەی 200 سەربازی ئەمریكا لەسوریا لەپێناو پاراستنی ئاشتیدا، بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین."

وتوشیەتی"دەكرێت ئەو بڕیارە هانی وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بەتایبەت ئەوانەیان كە هاوبەشمانن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بدات كە ئەوانیش بەشێك لەهێزەكانیان لەناوچەكە بهێڵێنەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پێموایە مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریكا لەناوچەكە، تا ئەو كاتەی قەیرانی سوریا چارەسەردەكرێت، هاندەرو پشتیوانی و ئامڕازێكی گوشاریش دەبێت بۆ سەر دیمەشق بۆ ئەوەی بەجدی هەوڵ بدات كە گفتوگۆیەك بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بێتە ئاراوە."

پێشتر سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی لەبەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند؛ گروپێكی بچوك لەهێزەكانیان لەسوریا بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی لەو وڵاتە دوای كشاندنەوەی هێزەكانیان، دەهێڵنەوە.

سارە ساندەرز ئاشكرایكردوە كە ئەو گروپە بچوكەی دەیهێڵنەوە نزیكەی 200 سەرباز دەبن و بۆ ماوەیەك لەسوریا دەبن.

بڕیاری هێشتنەوەی ئەو 200 سەربازەی ئەمریكا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترامپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هات.

بەیاننامەكەی كۆشكی سپی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ترامپ و ئەردۆغان لەپەیوەست بە سوریاوە رێككەوتن لەسەر بەردەوامبونی هەماهەنگی نێوانیان لەبارەی ئەگەری دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×