قاسمی سلێمانی.. لەكارمەندی فەرمانگەی ئاوەوە بۆ فەرماندەی سوپای پاسداران
  2020-01-03       1775       

ئا: ئاوێنه‌

قاسمی سلێمانی لەدەیەی رابردودا باڵادەستترین پیاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بو، ئەو وەك سۆپەرمان زەمەنی دەبڕی‌و لەیەككاتدا هەم لەتاران‌ بو، هەم لەكوردستان‌و بەغداو شام‌و لوبنان، سەرەنجام بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەهێرشێكی فڕۆكەكانی ئەمەریكادا جەستەی خۆی‌و هاوڕێكانی هەلا هەلا كرا.

بەپێی‌ ریزبەندییەكی‌ گۆڤاری‌ (WIRED)ی ئەمریكی‌، بۆ دیاریكردنی‌ مەترسیدارترین دە كەسایەتی‌ لەجیهاندا، قاسم سلێمانی‌ فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران له‌پلەی‌ یەكەمدا بو‌. ناوبراو كە ئێرانیەكان بە"سەردار سلێمانی"‌و "حاجی قاسم" ناویدەبەن، پیاوێكی‌ پڕ لەرەمزو رازو نهێنی بو، تا ئێستا هەزاران لاپەڕەی‌ لەسەر نوسراوەو چەندین چیرۆكی‌ راست یان درۆی‌ بۆ هەڵبەستراوە، ئەمەریكییەكانیش پێیانوابو هیچ كەسێك بەئەندازەی‌ ئەم تارماییە بەرژەوەندییەكانی‌ ئەمەریكای‌ لەرۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا نەخستوەتە مەترسییەوە، بۆیە بەفەرمانی دۆنالد ترامپ كوژرا.

قاسمی سلێمانی، حاجی قاسم، ژەنرال قاسمی سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، ناوی "پاسدار"ێكە كە لەلای خەڵكی عێراق‌و كوردستان‌و سوریا‌و لوبنان هێندەی سەركردەكانی خۆیان ناودارو ناسراوە، ئەمڕۆ هەواڵی كوژرانیشی لەتەمەنی ٦٥ ساڵیدا بوە مانشێتی هەمو میدیاكانی سەرتاسەری جیهان.

سوهرابی سلێمانی بەڕێوەبەری گشتی زیندانەكانی تاران‌و برای قاسمی سلێمانی، کە سەبارەت بەرابردوی قاسمی سلێمانی دەدوێت، ئاماژە بوە دەكات "خێزانەكەیان لە 5 خوشك‌و برا پێكهاتون، گەورەكەیان خوشكێكیانە‌و حاجی قاسم ناوەنجیانە".


ئەو دەڵێت "ئێمە خەڵكی ئوستانی كرمانین، باوكم خەریكی كشتوكاڵا كردن‌و جوتیاریی بو، خێزان‌و بنەماڵەكەیەكی عەشائیریی بوین، هەڵبەتە من‌و حاجی سلێمان شاری كرمانمان بەحێهێشت".
دەشڵێت "كە من چومە پۆلی پێنجی سەرەتایی، چومە لای ئەو كە حەوت ساڵا لەمن گەورەتر‌و كارمەندی فەرمانگەی ئاو بو، لەبیرم دێ‌ من‌و دو كوڕی پورم‌و قاسمی سلێمانی پێكەوە لەژورێكی كرێدا دەژیاین".


ناوبراو باس لەوە دەكات كە قاسمی سلێمانی ئەو كاتە كاری بۆ فەرمانگەیەكی ئاو دەكردو پاشان سەریكردە وەرزشكردن‌و یاری كاراتی‌و راهێنەری لەشجوانیش بوو. لەكاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانیشدا یەكێك بو لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی دژ بەرژێمی شا.


سوهراب دەڵێت "كاتێك سوپای پاسداران دامەزرا حاجی قاسم فەرمانگەی ئاوی بەجێهێشت‌و پەیوەندی كرد بەسوپای پاسدارانەوە، یەكەمجار سەر بەلیوای (تۆڵەی خوا) بو، دوای مەشقكردنی لەخولێكدا چووە بەرەكانی شەڕی ئەهواز لەدژی سوپای عێراق، وەك جێگری فەرماندەی گوردان جەنگا، كە فەرماندەی گوردانەكە بریندار بو، قاسمی سلێمانی بوە بەرپرسیاریەتی گوردانەكەی لەئەستۆ گرت‌و دواتریش بەفەرمانی عەلی خامەنەئی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، فەرماندەیی فەیلەقی قودس-ی پێبسپێردرا".


بەپێی گێڕانەوەی سوهراب، قاسمی سلێمانی بەرپرسیاریەتی زۆری پێسپێردراوەو رۆڵێكی گرنگی هەبوە لەدامركاندنەوەی نائەمنیەكانی ئێران دوای كۆتایهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق‌و ئێران.


سەبارەت بەژیانی تایبەتی‌و خێزانی قاسمی سلێمانیش، دەلًَێت "حاجی سلێمان دو كچ‌و دو كوڕی هەیە كە سیانیان خەریكی خوێندنن، یەكێك لەكچەكانی هاوسەرگیریی كردوە‌و كوڕێكیشی هاوسەرگیری لەگەڵا كچێكی مندا كردوەو مانگێك لەمەوبەر دو منداڵی دوانەیان بوە. زاواكەم كە كوڕی قاسمی سلێمانیە كاری ئازاد دەكات‌و بازرگانە‌و خەریكی فرۆشتنی بەروبومی كشتوكاڵییە".


 سەبارەت بەپەیوەندی قاسمی سلێمانی لەگەڵا منداڵانی شەهیدان، دەڵێت "ئەوەندە حاجی سلێمان هۆگر بەمنداڵی شەهیدانەو لەگەڵیان میهرەبانە كە منداڵەكانی خۆی حەسودییان پێدەبەن".
هەروەها دەڵێت "حاجی قاسم كاتێكی كەمی لەگەڵا خێزانەكەماندا بەسەربردوە، بەڵام بەوپەڕی دڵسۆزییەوە چاودێری هەمومانی كردوە تا خۆمان پێگەیاندوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×