تارمایی "قاسمی سلێمانی" لەكوردستان
  2020-01-03       6256       

ئا: ئاوێنە



كوژرانی قاسمی سلێمانی، كە فەرماندەیەكی ئێجگار كارای سوپای پاسداران بو، كاریگەری لەسەر پێگەو دەسەڵاتی ئێران بەسەر روبەرێكی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت، لەبەرئەوەی یەكێكە لەڕوداوە گەورەكانی ئەم ناوچە ئاڵۆزە پڕ لەكێشەو ململانێیە‌و وەك هەمو روداوەكانی دیكە تێناپەڕێت.


قاسمی سلێمانی بەناوبانگترین فەرماندەی سەربازیی‌و سیاسەتداڕێژەریی ئێران بو بەرامبەر بەعێراق‌و سوریا‌و لوبنان، دۆستی هەرە نزیكی سەركردە شیعەكانی عێراق‌و لوبنان‌و بەشار ئەسەد بو لەسوریا. رۆڵی گرنگی هەبوە هاوشانی عیماد موغنییە لەشەڕی دژ بەئیسرائیل لە22006دا، ئەندازیاری هێڵی بەرگریی كردن لەدیمەشق بو لەساتەوەختێكی دژواردا كە رژێمی ئەسەدی تێكەوتبو، دەستی هەبو لەگرتنەوەی حەلەب-دا، هاوكاری سەرۆكی میتی توركی هاكان فیدان بو لەتەرتیب كردنەوەی هاوكێشەكانی باكوری سوریادا، نێوانگریی سەرەكی نێوان سەركردەكانی حەماس‌و جیهادی ئیسلامی فەلەستیینی بو لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. قاسمی سلێمانی ئەو فەرماندەیە بو كە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كرد بەهێزێكی سەربازیی باڵادەست بەسەر بەشێكی فراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-دا.


وەك بی بی سی ئاماژە بەوە دەكات سەڕەرای ئەوەی راپۆرتە بڵاوكراوەكانی رۆژئاوا سەبارەت بەقاسمی سلێمانی كەمتر ئاماژە بەرۆڵی ناوبراو دەكەن بەر لەروخانی رژێمی سەدام، بەڵام ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران زۆر بەرلەوەو لەساڵانێكی دوورتردا لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە پێی ناوەتە عێراقەوە.


سەركردە دیارەكانی كوردستان هەر لەكۆتایی دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو پاش راپەڕینەوە قاسمی سلێمانییان ناسیوەو پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ هەبوە بەتایبەتی "جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی".


نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەتاران "نازم دەباغ"، كە له‌سەرەتای دەیەی 1991ەوە كاتێك كە دەبێتە نوێنەری‌ تاڵەبانی‌‌و یەكێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان لەتاران‌ قاسمی سلێمانی دەناسێت، ئاماژە بەوە دەكات كە ناوبراو نەك هەر لەكوردستان‌و عێراق بەڵكو لەهەمو رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا رۆڵێكی‌ گەورەو گرنگ دەبینێت، ئەو لەگفتوگۆیەكی پێشتری بەئاوێنەی راگەیاند "ئێمە هەر كاتێك لەئێران گرفتێكمان هاتبێتە رێ‌‌و ویستبێتمان چاومان بەوەزیرێك یان سەرۆك كۆماری‌ ئێران بكەوێت، تەنها لەڕێگەی‌ ئەوەوە توانیویمانە خێرا بگەینە ئامانج".

راشیگەیاند "قاسمی سلێمانی پیاوی‌ بەرپرسیارێتییە‌و خامەنەئی‌ ئەوی‌ بەشەهیدی‌ زیندو ناوبردوە، هێمن‌و خاكییە، هیچ بەرپرسێكم نەدیوە بەئەندازەی‌ ئەو خاكیی‌ بێت، لەزۆر سەفەردا كە هاوڕێی‌ بوم، هەمیشە بەجۆرێك رەفتاری‌ كردوە كە وەك بڵێی‌ من بەرپرسی‌ ئەو بم. لەقسەو كرداردا درێژداڕیی‌ ناكات‌و قسەكانی‌ بەكورتی دەبڕێتەوە".


لەچەند ساتەوەختی گرنگدا قاسمی سلێمانی لەكوردستان بوەو رۆڵی هەبوە لەدیاریكردنی ئاڕاستەی روداوەكانی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی پاش نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، رۆڵێكی گرنگی لەتەرتیب كردنەوەی دۆسیە ئاڵۆزەكانی كوردستاندا بینیوە‌و حاجی قاسم بەهێزترین پیاو بوە لەعێراقداو هیچ بڕیارێك بەبێ‌ رەزامەندی‌ ئەو نەدراوە.


لەدیارترین ئەو روداوانەی لەكوردستان جێ‌ پەنجەی قاسمی سلێمانی پێوە دیارە، ساڵی 2012‌و 2013، كە سەركردایەتی یەكێتی لەمشتومڕی ئەوەدا بون هەڵوێستێكی تەواو سەربەخۆیان لەپارتی هەبێت‌و رێككەوتننامەی ستراتیجی هەڵوەشێننەوەو ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ 2 ساڵی تر درێژ نەكەنەوە، لەسەر خواستی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران سەرەنجام گەیشتنە ئەوەی رێككەوتنە ستراتیجیەكەی نێوانیان بخەنەوە كار‌و جارێكیتر بارزانی هەڵبژێرنەوە بەسەرۆكی هەرێم‌و دوای هەڵبژاردنەكانیش پێكەوە درێژە بەحوكمی كوردستان بدەن.


لەو كاتەدا نزیكبونەوەی پارتی لەتوركیا كە تاڵەبانی ئیتر لەشانۆی سیاسی یەكێتی‌و هەرێمی كوردستان‌و دەوڵەتی عێراقدا بەهۆی نەخۆشییەوە دور كەوتبۆوە، حكومەتی مالیكی توشی كێشە ببو لەگەڵ سوننەی عێراق‌و لەگەڵ كورد‌و شۆڕشی سوریاش بەردەوام بو، نفوزی ئێرانی لەكوردستان بەرەو كزی‌و نفوزی توركی بەرەو بەهێزی برد، ئێران كەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی رێ‌ لەمە بگرێ‌. قاسمی سلێمانی چەند جارێك بەنهێنی‌و ئاشكرا سەردانی بەغداو كوردستانی كردو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی كۆبۆوەو چەند رێنماییەكی دانێ‌: هەر لەم چوارچێوەیەشدا پارتی رێنماییەكانی قاسمی سولەیمانی بەهەند وەرگرت‌و كەوتە جێبەجێكردنی: هەردو مەكتەبی سیاسی چەندین كۆبونەوەی هاوبەشی ئاشكراو نهێنی، كراوەو داخراو، فراوان‌و بچوكیان ئەنجامدا. سەرەنجام گەیشتنە ئەوەی كە رێككەوتنە ستراتیجیەكەی نێوانیان بخەنەوە كار، جارێكیتر ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ 2 ساڵی تر درێژ بكەنەوەو دوای هەڵبژاردنەكانیش هەردوكیان پێكەوە حكومەت پێكەوە بهێنن‌و وەك رابردوو درێژە بەحوكمی كوردستان بدەن.


روداوێكی دیكە رۆڵی قاسمی سلێمانی بو لەوەی رێگە بەداعش نەدات هەولێر بگرێت لەساڵی 2014دا، ، زۆرێك لەسەرچاوەكانی هەواڵ ئەوە روندەكەنەوە که‌ قاسمی سلێمانی دوای گرتنی مەخمور لەلایەن داعشەوە، خێرا هاتوه‌تە سەر خەت‌و سنورێكی بۆ پێشڕەویەكانی روه‌و هه‌ولێر داناوه‌، له‌شه‌ڕه‌کانی ئامرلی‌و قه‌ره‌ته‌په‌شدا شانبەشانی حەشدی شەعبی‌و پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی دیاری هەبوە‌.


روداوێكی پڕ لەمشتومڕی دیكە، دەستوەردانی قاسمی سلێمانی بوە لەئەنجامی دوا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. بەشی فارسی "بی بی سی" لەڕاپۆرتێكیدا قاسمی سلێمانی بەئەندازیاری هەڵبژاردنەكانی كوردستان‌و عێراقیش ناودەبات، بی بی سی ئاماژە بەوە دەكات كە بەشێك لەراگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان، قاسمی سلێمانی‌و هێزەكانی ژێر فەرمانی، تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستیخستووەتە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەی كوردستان‌و عێراقەوە. راپۆرتەكە جەغت لەوە دەكات كە لەهاوكێشەی سیاسی هەرێمدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاتر لەئێرانەوە نزیكەو تاڵەبانی سكرتێریشی لەگەڵ قاسمی سلێمانی لەپەیوەندیدا بووە‌و دەنوسێت "لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی لەبەرامبەر گۆڕاندا لەسلێمانی شكستی هێنا، بەڵام لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا دۆخەكە گۆڕاو یەكێتی كێش‌و قورسایی خۆی بەدەستهێنایەوە لەهاوكێشەكاندا، هەربۆیە بەشێك لەهێزەكان قاسمی سلێمانی بەئەندازیاری هەڵبژاردن‌و ساختەكاری بەسوودی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی دەزانن، یەكێشتش بەتوندی ئەو تۆمەتانە بەدرۆ دەخاتەوە".


بی بی سی ئاماژە بەوەش دەكات كە دوای ئەوەی لەغیابی تاڵەبانیدا یەكێتی تووشی ململانێ‌و قەیرانی ناوخۆیی بۆوە، كار گەیشتە ئەوەی قاسمی سلێمانی راستەوخۆ دەستوەربداتە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیشەوە.


یەكێك لەروداوە گرنگەكانی دیكە كە قاسمی سلێمانی رۆڵی یەكلاكەرەوەی تیا بینی، "ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان" بو، ئێران زۆر راشكاوانە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەریفراندۆم راگەیاند كە دژایەتی‌و رەتكردنەوەی بو بەهەمو جۆرێك. بۆ ئەو مەبەستە قاسمی سلێمانی چەند رۆژێكی كەم بەر لەئەنجامدانی ریفراندۆمەكە لەگەڵ بارزانی كۆبۆوە، بەڵام كە بارزانی رازی نەبو بەدواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەو دەست لێهەڵگرتنی، قاسمی سلێمانی زۆر بەئاسانی توانی لەڕێگەی هێرشی حەشدی شەعبییەوە لە16ی ئەكتۆبەری 2017دا كەركوك‌و نیوەی خاكی كوردستان لەبندەستی هێزی پێشمەرگە دەربهێنێت‌و شكست بەپرۆسەی ریفراندۆم بهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×