توركیا؛ فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەدان سەرباز دەركرا
  2019-02-22       647       

داواكاری گشتی ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نزیكەی 300 سەربازیی هەمیشەیی بە پلەی جیاواز دەركرد ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندییان بە بزوتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن.

ئاوێنە: نوسینگه‌ی تیرۆرو تاوانه‌ رێكخراوه‌كان له‌سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی كۆماریی ئەستەنبوڵ، له‌چوارچێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ لەبزوتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتجوڵا گولەن لەناو سوپای توركیادا، ژماره‌یه‌ك گومانلێكراو ده‌ستنیشانكران.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن بۆ ٢٩٥ سه‌ربازی هه‌میشه‌یی به‌ پله‌ی جیاواز، كه به‌مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندییكردن له‌نێو رێكخراوه‌كه‌دا ته‌له‌فۆنی جێگیریان به‌كارهێناوه‌و دو عه‌مید، عه‌قیدێك، ٨ رائید، ١٠ نه‌قیب و ٨١ عه‌ریفیان تێدایه‌، ده‌ركرا كه‌ له‌ فه‌رمانده‌ییه‌ جۆراوجۆره‌كانی سه‌ربه‌ سوپا كارده‌كه‌ن.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی له‌دوای ده‌ركردنی فه‌رمانه‌كه‌ و به‌مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی گومانلێكراوه‌كان، تیمه‌كانی ئاسایشی ئیستانبوڵ له‌ ٥٩ پارێزگا ئۆپه‌راسیۆنێكیان ده‌ستپێكرد كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ ئەستەنبوڵه‌.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوای هەوڵی كودەتاكەی ناوەڕاستی تەمموزی 2016ی ئەو وڵاتە، حكومەتی توركیا فەتحوڵا گولەن تۆمەتباردەكات بەوەی لەپشتی هەوڵی كودەتاكەوە بوە بەڵام گولەن ئەوە رەتدەكاتەوە.

لەدوای هەوڵی كودەتاكەوە تا ئێستا توركیا هەڵمەتێكی رەشبگیری دەستپێكردوەو هەزاران كەس لەسوپا دەستگیركراون و سەدان كەسیش لەكارەكان لەنێو ریزەكانی سوپاو لە خزمەتی گشتی دورخراونەوە ئەوە وێڕای زیندانیكردنی سەدانی دیكە لەرۆژنامەوانان و چالاكوانان و كەسانی سیاسی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×