ئارێز عەبدوڵا: رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دەردی وڵات تیمار ناكات
  2019-02-22       1590       

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند رێككەوتنەكەی پارتی و گۆڕان دەردی وڵات تیمار ناكات. دەشڵێت"پارتی سودی لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرت و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی خۆی بەکارتی گۆڕان بێمنەتی بەرامبەر بە یەکێتی نیشاندا."

ئاوێنە: ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەنوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەبارەی رێككەوتنەكەی پارتی و گۆڕانی بە "بەزمی جاران" ناوبردوە.

ئارێز عەبدوڵا وتویەتی"من قسەیەکم لەسەر ناوەڕۆک و ھۆکارەکانی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان نییە، بەڵام بەوردبونەوە لەشێوازو کاتەکەی دەردەکەوێ کە ئەو رێککەوتنەش تیماری دەردی وڵات ناکات."

ئەوەشی خستەڕو"ئەم جارەش گۆڕان دڵی بەوە خۆشە کە ژمارەیەکی زۆر لەپۆست و پلەو پایە بۆ بەشێک لە کادیرەکانی مسۆگەر دەکا، ئەوە لەکاتێکدا ئەزمونی یەکێتی لەبەرچاوەو باشیش دەزانێ ناتوانێت لەناو ئەو حکومەت بەقەد یەکێتی کاراو کاریگەر بێ، بەڵام ئەنجام رێکەوت."

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەنجامی ئەو رێککەوتنەش لەئەنجامی رێککەوتنەکانی تری نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان و پارتی باشتر نابێ چونکە بەبڕوای ئەو: یەكەم: ئەو سیستەمە حوکمڕانییە سەقەتە بەرێککەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب لەسەر دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان راست ناکرێتەوە. دوەم: لەبنەڕەتدا نییەتی چاکسازی راستەقینەو راستەڕێکردنی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی کوردستان نییە. سێیە: بەو پێیەی کە پارتی ھێزی یەکەمە و مافی خۆیەتی حکومەت پێکبهێنێت، بەرنامەیەکی گشتگیرو نیشتمانی فراوانی نییە بۆ رێککەوتنێکی سترایتیجی لە نێوان ھەمو لایەنەکانی کوردستان لە پێناوی تێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەری و بە نیشتمانی و بەھێزکردنی دامودەزگا نیشتمانیەکان. چوارەم: پارتی سودی لە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان وەرگرت و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی خۆی بەکارتی گۆڕان بێمنەتی بەرامبەر بە یەکێتی نیشاندا. پێنجەم: کاردانەوەی پارتی بەرامبەربە ھەڵبژاردنی کاندیدی یەکێتی بۆ سەرۆککۆماری عێراق و ئەکتیفکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە پاڵ پێکھێنانی حکومەت و دواخستنی پێکھێنانی حکومەت و پلانی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی کوردستانی دەردەخا. شەشەم: ئامادەنەبونی پارتی بۆ رێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک و دروستکردنی یەک دەنگی و یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان لە بەغدا پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ.

وتوشیەتی"ھەمو ئەو خاڵانە بەڵگەی ئەوەن کە پارتی دەستبەرداری ھەڵوێستی خۆی و ئەو سیستەمە حوکمڕانیە نابێ، بۆیە تەنانەت ئەگەر لەگەڵ یەکێتیش رێکبکەوێ کێشە و قەیرانەکانی کوردستان چارەسەرناکرێن، بەڵکو ھەڵدەپەسێردرێن."

لەكۆتاییدا وتویەتی"تەنیا لەیەک حاڵەتدا دڵنیادەبین کە رێککەوتن یان رێککەوتنەکان ھۆکاری چارەسەری قەیران و کێشەکانن کە تەواوی لایەنە کوردستانیەکان لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەخشە رێگایەکی کات دیاریکراو رێکبکەوین، دەنا ئەو رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەگەر چوار ساڵی ئارامیشی بەدوادا بێ کێشەکان چارەسەر ناکەن و بارودۆخەکە ھەر ھی بەزمی جاران دەبێ."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×