عەلاوی: عێراق بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە بۆتە مەیدانی جەنگ
  2020-01-08       941       
پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری خاکی عێراق و کردنی بەشوێنی یەکلایکردنەوەی ململانێکان رەتدەکەینەوە.

ئاوێنه‌: ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەراگەیەنراوێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، عێراق بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە بوە بە مەیدانی جەنگ و گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی کێشەکان، وەڵامدانەوە فەرمییەکانی لایەنەکانیش لەو بارەیەوە جێگەی''بێهیواییە''.

هاوکات رویکردە لایەنە سیاسیەکانی  عێراق و وتی، ''ئێستا تێگەشتن بۆچی گەلی عێراق لەمەیدانەکاندا خۆپیشاندان دەکات، بۆچی دەیانەوێت پاڵێوراوێکی بەهێز بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاریبکەن، کەفشاری دەرەکی کاریتێنەکات و عێراق بەرەو جەنگێک نەبات کە گەلەکەی باجەکەی بدەن''.

بەیانی ئەمرۆ سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی موشەکیان بۆ سەر دو بنکەی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقکرد، بەهۆیەوە گرژو ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیکردوە.

بەرەبەیانی سێی ئەم مانگە، لە هێرشێكی موشەكی فرۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر دو ئۆتۆمبێل لە نزیك فرۆكەخانەی بەغداد، هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت كەسی دیكە كوژران.

لەوەڵامدا بەرەبەیانی ئەمرۆ سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی موشەکیان بۆ سەر  بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی هەریری هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر هێزەکانی ئەمریکا کرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×