سلێمانی؛ تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە تەقەی لەچەند یانەیەكی شەوانە كردبو
  2019-02-23       1057       

هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە تەقەی لەچەند یانەیەكی شەوانە كردبوو ئاسەواری فیشەكیش بەو یانانەوە دیار بوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند؛ شەوی 21ی شوباتی 2019، لەناو سنوری گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی كەسێك پشێوی و ئاژاوە دروست كردوەو تەقەی لەسێ‌ یانەی شەوانە كردوە، دەستبەجێ‌ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێڵكاریان بۆ شوێنەكە كردوەو دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەرو وەرگرتنی كامێراكانی چاودێری و ناسینەوەی وێنەی تۆمەتبار، توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا تۆمەتباری ڕوداوەكە دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر دەمانچەیەكدا كە بە تۆمەتبارەكە بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو لەئێستادا تۆمەتبار (أ. ك. أ.) دانیشتوی شاری سلێمانی و لەدایكبوی 1987، بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو بەپێی دو بڕگەی مادەی 431 لەیاسای سزادانی عێراقی چارەنوسی دواخراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×