وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا داوا دەكەن گرژییەكانی ناوچەكە هێوربكرێنەوە
  2020-01-09       639       

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و توركیا داوا دەكەن گرژییەكانی ناوچەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا هێوربكرێنەوەو جەختیش دەكەنەوە كە هەر گرژییەكی زیاتر لەناوچەكە خزمەت بە تیرۆریستان دەكات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی بەغدای كردو دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراقدا، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانیان خستەڕو.

چاوشئۆغلۆ لەكۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا رایگەیاند، توركیا لەپشت عێراق دەبێت لە ئاڵنگارییەكانی بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و ئاوەدانكردنەوە.

چاوشئۆغلۆ وتیشی"كوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، گرژییەكی مەترسیدارە بۆ ناوچەكە."

ئەوەشی خستەڕو كە ئەنكەرەو بەغدا لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسی و ئەمنی هاریكاریی لەنێوانیاندا هەیەو وتیشی"گفتوگۆكانیان بەردەوامن بۆ دورخستنەوەی ناوچەكە لە گرژییەكان."
لەگەڵ ئەوەش وتی"كاریش دەكەین بۆ كۆتاییهێنان بە بونی پارتی كرێكارانی كوردستان."

لەلای خۆیشییەوە محەمەد حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، لەكۆبونەوەكاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا جەختمان لە رێزگرتن لە سەروەری عێراق لەلایەن هەمو لایەكەوە كردەوە و هەروەها جەختمان لەوە كردەوە كە رێگەنەدرێت ناكۆكییەكان بگوێزرێنەوە بۆ ناو خاكی عێراق و ئەوەش ئەو شتەبو كە سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراقیش لەمیانی دیداریاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیان لێ كردەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو هێرشانە رەتدەكەنەوە كە بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامدراون و وتیشی، بە وەزیری دەرەوەی توركیامان وت عێراق پەرۆشە بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی و هەروەها كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان بە رێگەی دیپلۆماتی و گفتوگۆ.

محەمەد حەكیم ئاشكراشیكرد كە لەگەڵ لایەنی توركیا رێككەوتن لەسەر هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە لەنێوان ئێران و ئەمریكاو دورخستنەوەی ناوچەكە لە شەڕێكی ماڵوێرانكەر كە هیچ كەس براوەی نابێت.

هەروەها وتیشی، لەكۆبونەوەكاندا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە هەر گرژییەكی زیاتر لەناوچەكە خزمەت بە تیرۆریستان دەكات و ئازاری گەلانی ناوچەكە زیاتر دەكات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×