سیستانی: پێشێلكردنی سەروەریی عێراق بەشێكە لە لێكەوتەكانی ئەو قەیرانەی لە وڵاتدا هەیە
  2020-01-10       903       

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكانی عێراق پێی وایە ئەو پێشێلكارییانەی سەروەری عێراق كە لە چەند رۆژی رابردودا رویاندا، بەشێكە لە لێكەوتەكانی ئەو قەیرانەی لەوڵات هەیەو بەپێویستی دەزانێت هەموان سنورێك بۆ قەیرانەكە دابنێن.

ئاوێنە: عەلی سیستانی لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوێنەرەكەیەوە، ئەمڕۆ لە نوێژی هەینیدا خوێنرایەوە رایگەیاند، ئەو دەستدرێژییە مەترسیدارانەو ئەو پێشێلكارییە دوبارانەی چەند رۆژی رابردو بۆ سەر سەروەری عێراق و لاوازی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە پاراستنی وڵاتدا لەو دەستدرێژی و پێشێلكاریانە بەشێكە لە لێكەوتەكانی قەیرانی ئێستا و پێویستە هەموان بیربكەنەوەو سنورێك بۆ قەیرانەكە دابنێن و ئەگەر ئەوەش نەكرێت ئەوا دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوانەی دیكە تا دەستوەردانی زیاتر لە كاروباری وڵاتدا بكەن.

سیستانی وتوشیەتی"هەستكردنی هەموان بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و تەرجەمەكرنی ئەو هەستە بۆ هەڵوێستی كاریگەر لەدانانی چارەسەرێك بۆ قەیرانی ئێستا بە وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی چاكسازیی، دەرچەیەكی دروست بۆ قەیرانەكە دەهێنێتەدی."

هەروەها وتوشیەتی"پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بگەنە ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دەرفەتی گەیشتن بە دیدێكی گشتگیر بۆ ئایندەی ئەم گەلە لەدەست نەدەن بەو جۆرەی كە باووباپیرانی ئەم گەلە خەونی پێوە دیوە بەڵام تا ئێستاش نەهاتۆتەدی كە ئەویش ئەوەیە عێراق سەرداری خۆی بێت و لەلایەن رۆڵەكانییەوە فەرمانڕەوایی بكرێت و بێگانەكان رۆڵیان نەبێت لە بڕیارەكانیداو فەرمانڕەوایی تێیدا پشت بە ئیرادەی گەل ببەستێت و حوكمڕانییەكی رەشید بێت و كار بۆ خزمەتكردنی سەرجەم هاوڵاتیان بكات بەبێ جیاوازی ئینتیمای نەتەوەیی و ئایینیان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×