ماهیر حەسەن.. پێکەنینێك لەزەمەنی گریاندا
  2020-01-10       1057       
ماهیر حەسەن
ئا: عه‌لی عبدالصمد

دەڵێن، باشترین مەلەوانیش ناتوانێت بەپێچەوانەی ئاڕاستەی ئاوەوە مەلە بکات، ئەگەر ئەم وتەیە بۆ هەموو کەسێك ڕاست بێت، ئەوا بێگومان چەند ساڵێكە ماهیر حەسەن ئەم وتەیەی پێچەوانە کردۆتەوەو ساڵانێکە لەم نیشتیمانە پڕ لەبرینەدا، پێچەوانەی خەم‌و برینەکانی ئەم نیشتیمانە، دەیەوێت تروسکایی ئومێدو هیوایەک بۆ بینەرەکانی و خەڵك بگەڕێنێتەوە.

ئەگەر دەستەبژێری یەکێك لەجوانیەکانی ئەم نیشتیمانە بکه‌ین، ئەوا بێگومان ماهیر حەسەن، یەكێك لەجوانیەکانی ئەم نیشتیمانەیە کە لەمێژووی هونەرو کۆمیدی کوردیدا لەیادەورەی زۆرینەماندا  بەبەرزی‌و نەمری دەمێنێتەوە. 

ماهیر حەسەن لەزەمەنێكدا دەیەوێت، خەندەو پێکەنین لەگەڵ خەڵکدا ئاشت بکاتەوەو پێکەنین بۆ لێوی بینەر بگەڕێنێتەوە، کە زۆرینەمان خەندەو پێکەنین لەلێوەکانمان تۆراوە، لەزەمەنێكدا دەیەوێت پێبکەنین، کە خەم سەراپای تەنیەوین. 

ئەم پیاوە  تروسکای چرایەکی پڕ لەخەندەو پێکەنینە، لەنێو شەوێکی فانی پڕ لەخەمدا. 

ماهیر حەسەن جگە لەڕۆڵی باڵای لەهونەرو کۆمیدیادا، ئەوەی  ئەم پیاوەی لەوانی دیکە جیاکردۆتەوە، ئەوانەی کە لەژێر ناوی کۆمیدیادا، دنیایەک بێ ڕێزی و دەستەواژی ناشرینیان هێناوەتە نێو بازاڕی بەنێو کۆمیدی کوردیەوەو  کە دوورە لەهەموو مانایەکی هونەرو کۆمدیا، 

ئەوا هونەری ئەم پیاوە، جگە لەوەی لەڕێگەی کۆمیدیاوە بەبینەرەکانی دەگەیەنێت، بێگومان لەهەناوی ئەم کۆمیدیایەدا، ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگ لە واقیعی سیاسی‌و کۆمەڵگا دەگرێت و تێیدا  پەیام و بەهای  زۆر جوان و گرنگی هۆشیارکردنەوەی خەڵك‌و کۆمەڵگای تێدایە. 

ماهیر حەسەن، ئەو پیاوەی تاڵە موەکانی سەری لەگەڕانەوەی خەندەو پێکەنین بۆ خەڵك و بینەرەکانی سپی کردو مۆمی تەمەنی بۆ تروسکای هیواو ئومێدو گەشبینی خەڵک و کۆمەڵگا تواندەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×