هاوپەیمانی: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بە زیان بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان دەشکێتەوە
  2019-02-23       1056       

ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی رایگەیاند دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زیان بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان دەشكێتەوە و داوا دەكات لەزوترین كاتدا رێككەوتن لەنێوان لایەنەكاندا بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنەكە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو دوای كۆبونەوەكەش راگەیەندراوێكی لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی  کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە.

ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ، رایگەیاندوە"خوازیارە لەزوترین کاتدا پێکهاتن و ڕێککەوتن ئەنجامبدرێت لەنێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت."

جەختیشی كردۆتەوە"دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بە زیان بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان دەشکێتەوە، بۆیە داوا لە لایەنەکانی هەرێم دەکەین لە گفتوگۆکانیاندا فۆڕمێکی نوێ بدۆزنەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە تێگەیشتن و ڕوانینێکی باڵاتر و بەرپرسیارانەترەوە کە یارمەتیدەر بێت هێنانەئارای تەبایى سیاسى و دەوڵەتداری و کاری حوکمڕانی و پەرلەمانی بخاتە سەر ڕێچکەی سروشتیی خۆی." 


دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی...

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان 

حزب و لایەنە سیاسییەکان 

هەرێمی کوردستان لەم ساتەوەختەدا لەڕوی سیاسی و ئابورییەوە هەل و دەرفەتی زۆری لەبەردەمدایە، هەلومەرجە ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانییەکە بەشێوەیەکە دەتوانرێت سودی لێببینرێت بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و هەرێمی کوردستان و هەڵە و کەموکورتییەکان چارەسەربکرێن، بەڵام قۆستنەوەی ئەو دەرفەت و هەلانە بەوە دەبێت کە شێوازێکی نوێ لەڕێکخستن و ئیدارەدان و حوکمڕانیی ناوخۆیی و پەیوەندیی نێوان حزبەکان پیادەبکرێت چونکە ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئیرادەی نێودەوڵەتی بەرەو ئەوەن لایەنەکانی هەرێم کار بۆ هەرێمێکی بەهێز لە عیراقێکی فیدراڵی دیموکراتدا بکەن. هاوڵاتیان بەدەست خراپیی دۆخی ئابوری و بەردەوامیی پاشەکەوتی موچەوە ماندو بون، دیاردەی گەندەڵی قوڵبوەتەوە، بۆیە هاوپەیمانی پێویستیی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ گەندەڵی و گرفتەکانی حوکمڕانی دوپاتدەکاتەوە، بە بەشداریی و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی هەمو لایەک، چونکە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی شەفافیەت و دروستکردنی هەلی کار و خۆشگوزەرانییە، نەک پێچەوانەکانیان.

تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆ ئەنجومەنی سیاسیی هاوپەیمانی خوازیارە لەزوترین کاتدا پێکهاتن و ڕێککەوتن ئەنجامبدرێت لەنێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بە زیان بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان دەشکێتەوە، بۆیە داوا لە لایەنەکانی هەرێم دەکەین لە گفتوگۆکانیاندا فۆڕمێکی نوێ بدۆزنەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە تێگەیشتن و ڕوانینێکی باڵاتر و بەرپرسیارانەترەوە کە یارمەتیدەر بێت هێنانەئارای تە بایى سیاسى و دەوڵەتداری و کاری حوکمڕانی و پەرلەمانی بخاتە سەر ڕێچکەی سروشتیی خۆی. 


ئەنجومەنی سیاسیی هاوپەیمانیی نیشتمانی 

 23ی شوبات 2019


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×