باڵیۆزی بەریتانیا: ئیدانەی کوژرانی دوو رۆژنامەنووس دەکەین لە شاری بەسرە
  2020-01-11       533       
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد، ستیفن هیکی: "ئیدانەی کوژرانی دوو رۆژنامەنووس لە شاری بەسرە باشووری عێراق دەکەین".

ئاوێنە: باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، ستیفن هیکی راگەیاند کە ئیدانەی کوژرانی دوو رۆژنامەنووس لە شاری بەسرە باشووری عێراق دەکات و داواشی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە سزا بدرێن.

ستیفن هیکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی:"ئیدانەی کوژرانی رۆژنامەنووس، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگرەکەی، سەفا غالی کە دوێنی لە بەسرە لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژران".

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد، ستیفن هیکی راشیگەیاندووە "گرنگە کاربەدەستانی دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن لەو رووداوە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەش سزا بدەن".

دوێنی هەینی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەسڕە رایگەیاندبوو، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لە پەیامنێری کەناڵی دیجلە لە پارێزگای بەسڕە، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگرەکەی، سەفا غالی کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو کە هەردوو رۆژنامەنووسەکە لەدوای گەڕانەوەیان لە رووماڵی خۆپیشاندانەکان لە شاری بەسرە لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێکراوە کە بەهۆیەوە ئەحمەد عەبدولسەمەد دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوه‌ و وێنەگرەکەی، سەفا غالی لە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×