2020-01-11   503     
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئیدانەی کوژرانی دوو رۆژنامەنووسی عێراقی کرد کە ئێوارەی رۆژی هەینی لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوهوه کوژران، هاوکات داوای لە حکوومەتی عێراق کرد پارێزگاری لە گیانی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان بکات.
ئاوێنه: ئێوارەی دوێنی هەینی هەریەک لە پەیامنێری کەناڵی دیجلە، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگرەکەی، سەفا غالی لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوهوه لە پارێزگای بەسڕە کوژران.
لە راگهیهنراوێكدا كه لهوبارهیهوه لهلایهن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوه بڵاوكراوهتهوه، هاتووە: ''ئیدانەی کوژرانی پەیامنێری کەناڵی دیجلە، ئەحمەد عەبدولسەمەد و وێنەگرەکەی، سەفا غالی دەکەین''.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ١٤ رۆژنامەنووس و چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لە لایەن چەکدارانی نەناسراوهوه کوژراون.
لە راگهیهنراوهكهی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا ئاماژە بەوەدراوە کە كوشتن، رفاندن و ئازاردانی رۆژنامەنووس، راگەیاندنکاران، چالاکوانان و ئەوانەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە پشتیوانیی چاکسازیی دەکەن لە لایەن گرووپی چەکدارییەوە، ناکرێت بەبێ لێپچینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، بەردەوامبن.
تا ئێستا چەندین جار حکوومەت بەڵێنی داوە بەدوای ئەنجامدەرانی کوشتن و رفاندن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانەوە بێت و دەستگیریان بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک لەمبارەیەوە رانەگەیەنراوە.
چالاکوانان، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەوە تۆمەتباردەکەن کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو کارانهوه بن، لە بەرامبەریشدا ئەو گرووپانە ئەو تۆمهتانە رەتدەکەنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئاماژەی بەوەشکردووە، حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پشتیوانییكردن له مافی عێراقییەکان لە ئازادی رادەربڕین، پاراستنی رۆژنامەنووسان و فەراهەمکردنی کەشی کارکردنیان بەبێ هیچ مەترسییەک، و ناکرێ ئەو کارانە بەبێ لێپچینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی بەردەوامبن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كهسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.