ئەڵمانیا: عێراق داوامان لێبکات هێزەکانمان دەکشێنینەوە
  2020-01-12       412       
دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکان لە وڵاتەکە، ئەڵمانیا دەڵێت، دژی خواستی خەڵکی عێراق نابن و ئەگەر داوایان لێبکرێت ئامادەن هێزەکانیان بکشێننەوە.

ئاوێنه‌: هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق دوای بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەوان بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراقن و بەدووری نازانێت ئەگەر لە عێراق بکشێنەوە داعش بەشێوەیەک سەرهەڵبداتەوە، دووبارە دەستبە هێرشكردنەوە بکاتەوە لە ئەوروپا.

ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان خوازیارن یارمەتی عێراق بدەن و لەگەڵ خواستی خەڵکی ئەو وڵاتەن. 

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی جموجوڵەکانی داعش لە عێراق، نایەوێ دەستبەرداری چالاکییەکانیان بن لەو وڵاتە.

لەنزیکەی 120 سەربازی ئەڵمانیا کە لە هەموو عێراق بوون، 90 سەربازی لە هەولێر ماون و 30 سەربازی دیکە کە لە بەغدا بوون گواستراونەتەوە بۆ کوێت و ئوردن.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 05-01-2020 بە ئامادەبوونی 168 پەرلەمانتار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەش عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هۆڵی پەرلەمان و گوتارێکی لەبارەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق خوێندەوە. دواتر نامەیەکی هەشت خاڵی موقتەدا سەدر خوێندرایەوە و داوای هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و عێراقی کرد. لە کۆتاییشدا پەرلەمان پرۆژەبڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق پەسندکرد.

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×