وتەبێژی حكومەتی عێراق: سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق دەردەکرێن
  2020-01-13       679       
وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعیراق، تەنها تایبەت نییە بە هێزەكانی ئەمریكا، بەڵكو سەرجەم هێزە بیانییەكانی تریش دەگرێتەوە.

ئاوێنه‌: سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی تایبەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كاربەڕێكەری حكومەتی عیراق، ئەمڕۆ ١٢-١-٢٠٢٠، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ راسپاردنی حكومەت بە كۆتایی هێنانی ماوەی مانەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق، تەنها تایبەت نییە بە هێزەكانی ئەمریكا، بەڵكو سەرجەم ئەو هێزە بیانییانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەعیراق جێگیركراون.

وتیشی: حكومەت سوورە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەو بۆ ئەو مەبەستەش، عادل عەبدولمەهدی لە دیدارو پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا، ئەو بابەتەی بە روونی لەگەڵ باسكردوون، كە پێویستە بەهەماهەنگی نێوان هەردوولا، پرۆسەی كشانەوەی هێزەكان جێبەجێ بكرێت.

لەدوای كوشتنی هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەئەنجامی هێرشێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكاو دەركردنی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەسەر خاكی عیراق.

ئەو بڕیارەش كاردانەوەی ئەمریكای لێكەوتەوەو سەرۆكی ئەو وڵاتە رایگەیاند كە لەئێستادا ئەو پرسە لەگەڵ عیراق تاوتوێ ناكەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×