بارەگای رێکخراوی بەدر سووتێنرا
  2020-01-13       959       
سەرچاوەیەكی ئەمنی کە ئەفسەرێکی پۆلیسی کەربەلایە رایگەیاند، ''خۆپیشاندەران ئاگریان لە بارەگای رێکخراوی بەدر سەربە حەشدی شەعبی لە شاری کەربەلا بەرداوە''.

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەفسەرێکی پۆلیسی کەربەلا کە نەیوەیستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند کە دەیان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر بارەگای رێکخراوی بەدر لە شاری کەربەلا و ئاگریان تێبەرداوە.

شایەنی باسە بەوتەی سەرچاوەکە بەهۆی ئاگر تێبەردانەکەوە، بەشێکی زۆری بارەگاکە سووتاوە کە داوتر ئاگرەکە لە لایەن  تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە  کۆنترۆڵکراو کوژێندرایەوە، هاوکات سەرچاوەکە باسی لەوەیشکرد کە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە هەڵبکوتنە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا کە دواتر هێزە ئەمنییەکانی دەستوەردانیان کردووە بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران لە باڵەخانەکە دوور بخەنەوە کە بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان هەردوولادا روویداوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كه‌سی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×