فراكسیۆنی نەوەی نوێ پەیامێكی لەسەر خانەنشینی پلەباڵاكان بڵاوكردەوە
  2020-01-13       577       

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئەوان لە فراكسیۆنەكەیان ئەو خانەنشینییە رەتدەكەنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كردوە تا ئەو فۆرمی پەیوەست بە رەتكردنەوەی ئەو خانەنشینییە پڕبكەنەوە بەڵام فۆرمەكە ئامادە نەبوە.

ئاوێنە: كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی فراكسیۆنەكەی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا رایانگەیاند، چوینە لای سەرۆكایەتی پەرلەمان داوامان لێكردن پێش دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەی پەرلەمان و گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە خانەنشینی پلەباڵاكان، ئەو فۆڕمەمان بدەنێ كە بۆ رەتكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانە بەڵام وتویان فۆڕمەكە هێشتا ئامادە نییە.

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامانی فراكسیۆنەكە جەختیان كردەوە كە هەركاتێك ئەو فۆرمە ئامادە بێت، پێكەوە فۆرمەكە ئیمزا دەكەن.

وتیشیان"ئێمە كاتێك شتێك دەڵێین سەرەتا لەخۆمانەوە دەست پێدەكەین و خانەنشینییەكەی خۆمان رەتیدەكەنەوە. كاتێك داوادەكەین خانەنشینی پلەباڵاكان نەمێنێت بەڕاستمانەو موزایەدە نییەو سەرەتا لەپەرلەمانتاران خۆمانەوە دەست پێدەكەین، پاشان داوا دەكەین خانەنشینی پلەباڵا لەهیچ شوێنێك نەمێنێت. ئێمە شتێك ناڵێین كە خۆمان جێبەجێی نەكەین."

ئەوەشیان خستەڕو"ئێمە پێش ئەوەی ببینە پەرلەمانتار بڕیارماندا خانەنشینی پەرلەمانتاری رەتكەینەوەو ئێستاش لەسەر بەڵێنەكەی خۆمانین. ئێمە بۆ ماف و ئیمتیازاتی خۆمان نەهاتوینەتە پەرلەمان، هاتوین خزمەت بە خەڵك بكەین داوا دەكەین ئەو خانەنشینییەی پلە باڵاكان نەمێنێت و خانەنشینی ئەو كەسانەی خانەنشینیان كەمە بكرێتە 500 هەزار."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×