پەرلەمانی كوردستان وەڵامی حەسەن نەسروڵا دەداتەوە
  2020-01-13       618       

پەرلەمانی كوردستان لەوەڵامی قسەكانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیدا دەڵێت؛ ناوبراو هێرشێكی ناڕەوای كردۆتە سەر مەسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. جەختیشدەكاتەوە"زیادەڕه‌وی له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكه‌ین."

ئاوێنە: حەسەن نەسروڵا، دوێنێ یەكشەممە، لەوتەیەكدا بە بۆنەی تێپەڕینی هەفتەیەك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانیدا، وتبوی"قاسم سولەیمانی، لەگەڵ هەندێك لە فەرماندەكانی حزبوڵا، لە سەردەمی هاتنی داعشی تیرۆریست بۆ ناو عێراق، سەردانی پارێزگای هەولێری كرد."

وتبوشی"مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكردن لەكاتێكدا كە دەلەرزی، چونكە هەستی دەكرد هێرشی داعش لەسەر دەروازەكان"ی هەولێرە.  

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، پەرلەمانی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا لەوەڵامی قسەكانی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیدا وتویەتی"وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك سه‌رله‌به‌رى ئه‌و قسانه‌ى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا رێبه‌رى حزبوڵای لوبنانی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌وتارێكیدا هێرشێكى ناڕه‌وای كردۆته‌سه‌ر سه‌رۆك بارزانی و هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان كه ‌ڕه‌مزی خۆڕاگرى و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعشن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوە هێزی پێشمه‌رگه‌ بو كه‌ به‌خوێنی خۆی ئه‌فسانه‌ی داعشی تێكشكاندو به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆو مه‌یدانی له‌ برى هه‌مو جیهان روبه‌ڕوی تیرۆریستانی داعش بوه‌وه‌و قاره‌مانییه‌تی گه‌وره‌ى تۆماركرد."

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە"بەرپرسانی حیزبەکەی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا‌ به‌شێك بوە له‌و هێرشه‌ ناڕه‌واو ناده‌ستورییه‌ی كه‌ له‌ساڵی ٢٠١٧ كرایه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان وه‌فادارین به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان لەگەڵمان هاوکار بوبێت، زیادەڕه‌ویش له‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك قبوڵ ناكه‌ین و وەکو پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری خەڵکی کوردستانیش ئیدانەی بێڕێزی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەر سمبولێکی نەتەوەکەمان دەکەین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×