نێچیرڤان بارزانی: حەسەن نەسروڵا هەستی گەلی كوردستانی بریندار كردوە
  2020-01-13       1270       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان بەشێوەی نەشیاو قسەی لەسەر مەسعود بارزانی و قوربانیدان و قارەمانییەتی پێشمەرگە كردوەو دەشڵێت، جێی داخە كەسێكی وەك حەسەن نەسروڵا بەو شێوەیە هەستی گەلی كوردستان بریندار بكات.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا وتی"به‌ڕێز حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌ميندارى گشتيى حيزبوڵڵاى لوبنانى له‌ وتارێکدا دور لە شێواز و ئەتەکێتی سیاسى، به‌ شێوەیەکی نەشیاو ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و قوربانیدان و قارەمانيه‌تيی پێشمەرگە، قسەی کردوە. جێگه‌ى داخه کەسێکی وەک به‌ڕێز نەسروڵڵا بەبێ ڕەچاوکردنی ڕۆڵی مێژوییانەی سەرۆک بارزانی لە بەرەنگاربونەوەی ڕژێمە دیکتاتۆریيەکان و ڕۆڵی مەیدانیانەی لە تێکشکاندنی داعشدا، بەو شێوەیە هەستی گەلی کوردستان بریندار بکات."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا نێچیرڤان بارزانی وتویەتی"گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ هاوكارييه‌كانى دۆستانى ده‌زانێت و سوپاسى هه‌مو ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا يارمه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيان داوه‌، به‌ڕێزه‌وه‌ له‌و پشتگيرييه‌ى ئه‌وان ده‌ڕوانێت و قه‌ت له‌بيرى ناكات."

حەسەن نەسروڵا، دوێنێ یەكشەممە، لەوتەیەكدا بە بۆنەی تێپەڕینی هەفتەیەك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانیدا، وتبوی"قاسم سولەیمانی، لەگەڵ هەندێك لە فەرماندەكانی حزبوڵا، لە سەردەمی هاتنی داعشی تیرۆریست بۆ ناو عێراق، سەردانی پارێزگای هەولێری كرد."

وتبوشی"مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكردن لەكاتێكدا كە دەلەرزی، چونكە هەستی دەكرد هێرشی داعش لەسەر دەروازەكان"ی هەولێرە. 

سەرۆكی هەرێم لە راگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی وتوە"گه‌لى كوردستان و پێشمەرگە زیاتر لە سەدەیه‌كە بەرەنگاری گەورەترین و دڕاندانەترین هێرشی قڕکاری بونەتەوه‌، له‌ شه‌ڕى داعشيشدا هەرێمی کوردستانيان پاراست و بەشدار بون لە پاراستن و ڕزگارکردنی زۆر شوێنی دیکەی عێراق، ئەمڕۆش پاراستنی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بە ئه‌ركى هەرە لەپێشی خۆيان دەبينن، له‌كاتێكدا دۆخى ناوچه‌كه‌ واده‌خوازێت هه‌مومان كار بۆ ئارامكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بكه‌ين."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×