2020-01-14   667     
سێرگئی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ''وڵاتەکەی لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بێلایەن دەمێنێتەوە، بەڵام داوای کرد ئەم دوو وڵاتە کێشەکانیان بە رێگەی ئاشتیانەدا چارەسەر بکەن''.
ئاوێنه: ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی رووسیا لە زمان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بڵاویکردەوە، رووسیا بە شێوەی کردەکی خۆی ناخاتە نێو پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کاتێکدایە کە لەماوەی هەفتەی رابردوودا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مێژووی خۆیدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.
دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی لەشکری قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندسی جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکەی بەیەکەوە کوشت و دوای ئەمە ئێران چەند بنکەیەکی سەر بە ئەمریکای لە عێراق و هەرێمی کوردستان دایە بەر مووشەک، بەڵام ئەم هێرشە مووشەکییە هیچ کوژراو و برینداری لێنەکەوتەوە.