فایەق شێخ عەلی بۆ سه‌در: گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان، هی خۆپیشاندەرانی سەربەخۆن
  2020-01-14       949       

فایەق شێخ عەلی، پەرلەمانتاری عێراق و یەكێك لەوانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی عێراق كاندید كردووە، وه‌ڵامی داوایەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی موقتەدا سەدری دایه‌وه‌ كە داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی كردبوو لە دژی ئەمریكا.

ئاوێنه‌: شێخ عەلی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی "گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان، هی خۆپیشاندەرانی سەربەخۆن، بەڵام گۆڕەپانەكانی تر كراوەن بۆ خۆپیشاندانی تر".

هەروەها نووسیویەتی كە ناشێ خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و گۆڕەپانەكانی تری شارەكان ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی تر بكرێنەوە، ئەوانە خۆپیشاندانی سەربەخۆ و نیشتمانی و ناحزبیین.

شێخ عەلی ئاماژەشی بە گۆڕەپانێك داوە كە بە هی سەدرییەكان ناسراوە و نووسیویەتی "گۆڕەپانەكانی تری وەك فیردەوس و ئەوانی تر، كراوەن بۆ ئەنجامدانی هەر خۆپیشاندانێك، ئێمە خۆمان نادەین بەدەستەوە و جگە لە خوداش، بۆ كەس ناچینە سەر چۆك".

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان و هاوپەیمانی ئەلسائیرون داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە هاووڵاتیانی عێراق كرد، بەڵام ئەم جارە لە دژی هێزەكانی ئەمریكا.

موقتەدا لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی "ئاسمان و خاك و سەروەریی عێراق لەلایەن هێزی داگیركەرانەوە پێشێل دەكرێ، پشت بە خوا بەرەو شۆڕش دەڕۆین. شۆڕشێكی عێراقی، نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی، بەو ئاواتەی خودا سەركەوتن بە نسیبی عێراق و خەڵكەكەی بكات".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×