نێچیرڤان بارزانی بەشداری لەكۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەكات
  2020-01-15       519       
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس كە 21 تاوەكو 24ـی ئەم مانگە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت بەشداردەبێت.

ئاوێنە: دبەپێی بەرنامەی كۆڕبەندەكە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 23ـی كانوونی دووەم لە پانێڵێكدا لەگەڵ هەریەكە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، رۆبین نیبلێت، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی چاتەم هاوسی بەریتانی، جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و عادل جوبەیر، وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری دەرەوە قسە دەربارەی كاریگەریی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كە قەیرانێكی جیهانییە و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی عێراق دەكەن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018، وەكو سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەیاوەریی شاندێك بەشداریی لە كۆڕبەندەكە كرد.

رۆژی سێشەممە 21-1-2020 كۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیهان لە داڤۆس لە وڵاتی سویسرا دەست بە كارەكانی دەكات و تاوەكو رۆژی 24ـی مانگ بەردەوامدەبێت.

مێژووی دروستبوونی ئەو دامەزراوەیەی سەرپەرشتی كۆڕبەندەكە دەكات، بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە و لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا كۆڕبەندەكە بووەتە شوێنێكی سەرەكی كۆبوونەوەی سەركردەی وڵاتان، بەرپرسانی كۆمپانیاكان، شارەزایانی بواری ئابووری و رۆژنامەنووسان و شارەزایانیی چەند بوارێكی دیكە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×