مەسرور بارزانی: موچەی هیچ كەسێكی شایستە بەتایبەت كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت
  2020-01-15       889       

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامانج لە پرۆژە یاسای چاکسازی رێکخستنەوەی موچەو دابەشکردنی داهاتە بەشێوەیەکی دادپەروەرانەو دڵنیاییشیدا کە موچەو مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو وتانەی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، هاتون.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژە یاسای چاکسازیداو جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دوپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی موچەو دابەشکردنی داهاتە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.

دڵنیاییشیدا کە موچەو مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت.

لەمبارەیەوە بڕیاردرا رونکردنەوەی پێویست لەبارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.

بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public Private Partnership (PPP) )  کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بەهاوبەشی کەرتی تایبەت لەچوارچێوەیەکی یاسایی رون و ئاشکراو بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیارو تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×