شاسوار عەبدولواحید: سبەی رۆژی جیاكردنەوەی پەرلەمانتاری خاوەن هەڵوێست و بێهەڵوێستە
  2020-01-15       1982       

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پڕۆژە یاسای چاكسازی بە "پڕۆژە یاسای خراپسازی" ناودەبات و دەشڵێت، ئەو پەرلەمانتارەی دەنگ بە یاسایەك بدات كە تێیدا موچەی خۆی و وەزیرو پلەباڵاكانی تر 40 هێندەی موچەی كەمئەندامان و فەرمانبەرانی ترە، ئەوە مرۆڤێكی "خۆپەرست و بەرژەوەندیخوازو مشتەخۆرە."

ئاوێنە: بڕیارە سبەی پێنجشەممە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر بەڕێوەبچێت.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەپەیامێكدا رایگەیاند، سبەی رۆژی جیاکردنەوەی پەرلەمانتارە "بەڕەوشت و خاوەن هەڵوێستەکانە لە پەرلەمانتاری بێڕەوشت و بێهەڵوێست و مشەخۆر."

بەبڕوای شاسوار عەبدولواحید "ئەو پەرلەمانتارەی دەنگ دەدات بە یاسایەک کە موچەی خۆی و وەزیرو پلەباڵاکانی تر ٤٠ هێندەی موچەی کەمئەندام و فەرمانبەرانی ترە، ئەوە مرۆڤێکی خۆپەرست، بەرژەوەندیخوازو مشەخۆرەو تەنها لەخەمی گیرفانی خۆیدایە، هەر حیزب و فراکسیۆنێک لە پەرلەمانتارەکانی قبوڵ بکات دەنگ بە پرۆژە یاسای لەم شێوەیە بدەن، ئەوە بێگومان ئەوانە حیزب نین، بەڵکو نوسیینگەو دوکانی پارە پەیداکردنن بۆ گیرفانی خۆیان."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەشی خستۆتەڕو"لە هەرێم موچەی ئێستای پلە باڵایەک هەشت ملیۆن دینارەو نزمترین موچەش ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دینارە (واتە موچەی وەزیرو پەرلەمانتار ٤٠ ئەوەندەی موچەی کەمئەندام و فەرمانبەرێکی ئاساییە.)"

شاسوار عەبدولواحید بەراوردی موچەی لە هەرێمی كوردستان بە وڵاتی سوید كردوەو وتویەتی"بەڵام لە وڵاتێکی وەک سوید، موچەی پەرلەمانتارێک مانگانە شەش هەزار یۆرۆیەو کەمترین موچەی کەسێک کە ئیش بکات لەهەر فەرمانگەو شوێنێک مانگانە دو هەزار یۆرۆیە (واتە موچەی پلەباڵاکان تەنها سێ هێندەی موچەی فەرمانبەرێکی ئاساییە.)"

جەختیشی كردۆتەوە"ئەمە لای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنەکەی مایەی قبوڵ نییە، ئەمە یاسای چاکسازیی نییە کە بەهیچ شێوەیەک دەستی نەبردوە بۆ موچەی پلەباڵاکان و هەروەها باسی داهاتی نەوت و زۆر بابەتی تر ناکات، بەڵکو ئەمە لای ئێمە پێیدەڵێین یاسای خراپسازیی."

سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ بە پێویستی زانیوە موجەی پلە باڵاکان بکرێنە نیوەو بەهیچ شێوەیەکیش کەسیان تا تەمەنی ٦٠ ساڵی خانەنشینی نەیانگرێتەوە بە هیچ بڕە پارەیەک.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×