سەفین دزەیی: سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان گرنگە
  2020-01-15       1086       

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لەپێناو  هێوركردنەوەی گرژییەكانی عێراق و ناوچەكە بە "گرنگ" ناودەبات، ئەوەش دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەردانێك گەیشتە هەولێر.

ئاوێنە: دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی حكومییەوە پێشوازی لێكرا، ئێستا محەمەد بن عەبدولڕەحمان، وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا لەكۆبونەوەدان.

سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ هەولێر، دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە بەغداو لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە بەغدا كۆبوەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دیدارەكانیدا لە بەغدا ئاماژەی بەوە دابو كە پێشنیاری نێوەندگیری لایەنە ناکۆکەکانی عێراق و ناوچەکەی خستووەتەڕو، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی عێراق.

له‌ باره‌ی سه‌ردانەكەی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر بۆ هه‌ولێر، سه‌فین دزه‌یی،  به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وەی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا وتی، ئه‌و سه‌ردانه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌و هێشتا نازانن ورده‌كاریی هه‌وڵه‌كه‌ی قه‌ته‌ر چۆنه‌، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی له‌م كاته‌دا گرنگه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان.

سه‌فین دزه‌یی ئاماژەی بەوشەدا كە ره‌وشی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزه‌ و ره‌نگه‌ ته‌نیا به‌ سه‌ردانێك یان هه‌وڵێك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی خێریان بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌وێت، به‌رده‌وام بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×