2020-01-16   724     
دۆنالد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێت "دژبەرانی دەستەڵاتی ئێران من و خەڵکی ئەمریکایان خۆش دەوێت، بۆیە ئامادە نەبوون پێ بنێنە سەر ئاڵاکەمان".
ئاوێنە: سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە شاری میلواکی ویلایەتی ویسکانسیەن، ئاماژەی به خۆبواردنی دژبەرانی دەستەڵاتی ئێران بۆ شێلانی ئاڵای ئەمریکا کرد و وتی "ژرێمی ئێران بە راخستنی ئاڵای ئەمریکا لە گۆڕەپانێک هەوڵیدا خەڵکەکە پێ بنێنە سەری و بەسەریدا بڕۆن، بەڵام دژبەرانی دەستەڵاتی ئێران لە ئاڵاکە لایاندا و ئامادە نەبوون پێ بنێنە سەری".
ترەمپ ئەم کاردانەوەیەی خۆپێشاندەرانی ئێرانیی بە پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ ئەمریکا لێکدایەوە.
دوای ئەوەی فڕۆکەی گەشتیاریی بۆینگی هێڵی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە سەر شاری تاران بە هۆی مووشکی دژە فڕۆکەی سوپای پاسداران کەوتە خوارەوە، هەتا ئێستا واتە ماوەی پێنج رۆژە خۆپێشاندانی بەربڵاو لە شارەکان بە تایبەت لە نێو زانکۆکانی تاران و چەند شاری دیکە بەردەوامن. یەکێک لە دروشمەکانی خۆپێشاندەران ئەمەیە کە دەڵێن : "درۆیە کە دەڵێن ئەمریکا دوژمنمانە، دوژمن لێرە لە سەر سەرمانە."